جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات، ئەگەر رووسیا پابەندی رێككەوتنی راگرتنی جەنگ بەرامبەر ئۆكڕاینا نەبێت، رەنگە بژاردەی ناردنی سوپا و بەكارهێنانی هێز بەرامبەر ئەو وڵاتە بەكاربهێنن.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ووڵ ستریت جۆرناڵ) دەڵێت: ئەگەر ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا رازی نەبێت بە دەستپێشخەری ئاشتی و راگرتنی جەنگی ئۆكڕاینا، واشنتن ناچار دەبێت سزای زیاتر بەسەر مۆسكۆ بسەپێنێت.
دەشڵێت: بژاردەی ناردنی سوپای ئەمەریكا بۆ ئۆكڕاینا و بەكارهێنانی هێز دژی رووسیا تا ئێستا بەردەستن و پشتگوێ نەخراون.
ڤانس هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە پێویستە ئۆكڕاینا خاوەنی ئاسایش و سەروەری تەواوی خۆی بێت.
جێگری دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێكەوتنەكەدا نەشی شاردەوە كە گەشبینە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەنێوان رووسیا و ئۆكڕاینا و رێككەوتنی لەسەر راگرتنی جەنگی نێوانیان.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پووتین لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەیان كرد، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا كۆمەڵێك بابەت لەنێوان هەردوو سەرۆك تاوتوێ كران لەوانە جەنگی ئۆكڕاینا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وزە، زیرەكی دەستكرد، دۆلار لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكە.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا كە رەنگە بەمزووانە لە وڵاتی سعوودییە راستەوخۆ چاوی بە پووتین بكەوێت.
سەرۆكی ئەمەریكا جەختیشی كردەوە كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا بە پووتینی گوتووە پێویستە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا بووەستێنرێت.
دوێنێ پێنجشەممەش دیمیتری بیسكۆف گوتەبێژی كۆشكی كرمیلین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد كە دیدار و چاوپێكەوتنی ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەمزووانە دەبێت، چونكە چەند بابەتێكی گرینگ هەیە پێویستە بە خێرایی و راستەوخۆ گفتوگۆی لەبارەوە بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.