Erbil 15°C پێنجشەممە 13 شوبات 16:55

ترەمپ گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ پووتین ئاشكرا دەكات

کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا ئاشكرا كرد و رایگەیاند كە هەردوولایان رێككەوتوون رووبەڕوو یەكتر ببینن و سەردانی یەكدی بكەن.

ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: لەگەڵ پووتین كۆمەڵێك بابەتی گرینگمان تاوتوێ كرد لەوانە جەنگی ئۆكڕاینا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وزە، زیرەكی دەستكرد، دۆلار لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكە.

گوتیشی: هەردوولامان جەختمان لە مێژووی مەزنی وڵاتەكانمان كردەوە، هەروەها سەركەوتنی مێژووییمان لە جەنگی جیهانی دووەم، لەم جەنگەدا رووسیا دەیان ملیۆن قوربانی دا و ئێمەش هەروەها قوربانی زۆرمان دا، جگە لەوەش هەردووكمان خاڵی بەهێزی وڵاتەكانمان خستەڕوو بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا بە هاوبەشی كار بكەین.

هەروەها گوتی: هەردوولامان رێككەوتین لەسەر راگرتنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا و بۆ ئەم مەبەستەش تیمەكانمان لە ئێستاوە دەستبەكار دەبن.

سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەش دا: لەگەڵ تیمە تایبەتەكەمان كە پێكهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە و ئاژانسی هەواڵگری و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و باڵیۆز و نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا قسەم كردووە بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆكان.

ترەمپ دووبارە جەختی كردەوە كە ئەگەر ئەو پێشتر سەرۆكی ئەمەریكا بووایە هەرگیز نەیدەهێشت جەنگی رووسیا و ئۆكڕاینا روو بدات و ئەو هەموو خەڵكەش ببنە قوربانی.

لە كۆتاییدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گوتیشی كە لەگەڵ پووتین سەرۆكی رووسیا رێككەوتوون لە نزیكەوە كار لەگەڵ یەكتر بكەن و هەروەها سەردانی وڵاتی یەكدیش بكەن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.