Erbil 9°C پێنجشەممە 06 شوبات 13:27

راوێژکاری ترەمپ: سەرۆک دیدێکی بوێرانەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە

100%


دوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە و چۆڵکردنی پەنابەرانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە دەنگدانەوەی لە جیهاندا دروستکرد، کەسە نزیکەکانی جارێکی تر پلانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روونکردەوە.

ماڵپەڕی "ئاکسیوس" لە زاری راوێژکارێکی نزیکی سەرۆکی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە کە ترەمپ هێڵە سوورەکانی گۆڕیوە و پاڵیان پێوە دەنێت. وتیشی ترەمپ لە مانشێتی گەورە و شارەزایان و هاوشێوەکان ناترسێت.

راوێژکاری سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێیوایە ترەمپ پەیامێکی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە کە دەتوانێت بارودۆخەکە زۆر خراپتر بکات بەڵام لەهەمان کاتدا توانای پێشکەشکردنی پلانی باشتریشی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە "بەربەستی گەورە هەیە لەبەردەم تێڕوانینی ترەمپ بۆ غەززە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی" و جەختی لەوە کردەوە کە لەوانەیە زیانی مرۆیی زۆر بێت، بەتایبەتی کە 2 ملیۆن فەلەستینی کەرتی غەززە بە تاکە ماڵی خۆیان دەزانن و هەرگیز رازی نابن لێی بکشێنەوە، سەرەڕای ئەو وێرانکارییە بەرفراوانەی کە 16 مانگ شەڕی بەجێهێشتووە.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەستپێشخەری غەززە بیرۆکەی تایبەتی ترەمپ بووە و لانی کەم دوو مانگە بیری لێکردووەتەوە.

شایانی باسە رۆژی سێشەممەی رابردوو ترەمپ پێشنیاری کشانەوەی فەلەستینییەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەمریکای لە کەرتی غەززە کرد، لە کاتێکدا زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی دانیشتووی غەززە لە 16 مانگی ڕابردوودا لە خراپترین بارودۆخی مرۆیی ئاوارە بوون.

لەلایەکی ترەوە، بەگوێرەی هەواڵی رۆیتەرز، بۆچوونەکەی ترەمپ لەلایەن شارەزایان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤەوە ئیدانە کراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش پلانەکەی ترەمپ ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناودەبات کە کۆچکردنی زۆرەملێ و دەرکردنی دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکان قەدەغە دەکات.

رێبەرانی فەلەستین و جیهانی عەرەبی پێشتر لێدوانەکانی ترەمپیان رەتکردەوە کە دەڵێت فەلەستینییەکان دەگوازرێنەوە بۆ میسر و ئوردن و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ ئەمەیان بە پلانێک بۆ پاکتاوی نەژادی ناوبردووە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.