Erbil 23°C ھەینی 18 نیسان 13:58

"میساقی شەڕەف" لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی كوردستان واژوو کرا

کوردستان TV
100%


لەپێناو دەستپاکی و شەفافییەت لە هه‌رێمی کوردستان، "میساقی شەڕەف" لە نێوان ژمارەیەک لە  پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان واژوو کرا.

پڕۆژەکە بە سەرپەرشتی دەستەی دەستپاکی و پاڵپشتی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNDP) ئەنجام دەدرێت و لە ڕێوڕەسمێکدا کە 25 حزب و لایەنی سیاسیی بانگهێشتی هۆتێل ڕۆتانای شاری هەولێر کرابوو، تێیدا 21 حزب ئامادەبوون و واژوویان لەسەر "میساقی شەڕەف" کرد.

پڕۆژەکە پاڵپشت بە ستراتیژی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە لە هەرێمی کوردستان و تێیدا کۆمەڵێک بەها و پڕەنسیپی دیارییکراو هەیە وەکو شەفافییەت و دەستپاکی و دیموکراسی ڕاستەقینە و سەرەوەری یاسا لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و پابەندبوونێکی ئاکاریی نێوان حزب ولایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دروستکردنی هاوپەیمانییەتێکی نیشتمانیی بۆ پاڵپشتیکردنی دەستەی دەستپاکی لە پڕۆسەی چاکسازییدا.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر لەبارەی پڕۆژەکەوە رایگه‌یاند: "میساقی شەڕەف یان پەیماننامەی ئاکار، پڕۆژەیەکی ئارەزوومەندانەیە کە لایەنە سیاسییەکان بەشێوەی ئارەزوومەندانە تێیدا بەشدار دەبن، کۆمەڵێک بنەمای گشتی تێدایە بۆ سەرەوەری هەرێم و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان و پابەندبوون بە بنەماکانی دەستپاکی و لێپرسینەوە و دژایەتی گەندەڵی".

دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی : "ئەگەر ئەم بنەمایانە کاری لەسەر بکرێت بێگومان هەنگاوێکی باشی کاری دامەزراوەیی لە هەرێم دەباتە پێش، ئەمە ڕەنگە بۆ حکوومەتەکانی داهاتووش هەر وەکو خۆی بمێنێتەوە، هەروەها بۆ ئەم قۆناغەی ئێستاش باشە بە تایبەت کە لایەنەکان پڕۆسەی گفتوگۆی حکوومەتیان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆر لە بنەماکانی ئەم میساقە لە حکوومەت ڕەنگبداتەوە کە ئەمە خاڵێکی هەرە باشە".

لە ڕێوڕەسمەکەدا لەکۆی 25 حزب و لایەنی بانگهێشتکراو 21 لایەن بەشداربوون، چنار سەعد عەبدوڵڵا نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکەوە ڕایگەیاند کە ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر پڕۆژەکە دەکرێت، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەم میساقە، پڕۆسەی دیموکراسی پێشدەخات.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، چنار سەعد عەبدوڵڵا کە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو، لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە، زیاتر لە دوو ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای پڕۆسەکەوە لەگەڵیدابووین، چەند کۆبوونەوەیەک کرا و کۆمەڵێک بڕگە و بابەت هەمواری تێدا کرا، من وەک نوێنەری پارتی بەشداربووم، ئەم میساقە کۆمەڵێک بنەمای زۆر جوانی تێدایە کە پەیوەندی بە چارەسەری گەندەڵی، دادپەروەری، دیموکراسییەت لە ناو حزبە سیاسییەکان و هەڵبژاردن و بابەتی شەفافییەتەوە هەیە کە ئەمانە خاڵی زۆر باشن".

چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتیشی: ئێمە دیموکراسییەتێکمان لە وڵاتەکەمان دەست پێکردووە، ئەم جۆرە پەیماننامانە پڕۆسەکە دەوڵەمەندتر دەکات و دەتوانین بڵێین پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێم پێشدەخات، ئێمە دووەم وڵاتین لە دونیادا دوای مەغریب ئەم میساقە واژوو دەکەین، ئومێد دەکەین بتوانین پێیەوە پابەند بین بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا بچینە ناو قۆناغێکی دیکەوە.

میساقی شەڕەف (پەیماننامەی ئاکار) پێکهاتووە لە دووبەش کە نۆ ماددەی لەخۆگرتووە و تایبەتە بە پەیام و دیگا و بنەماکانی میساقەکە، هەروەها تیشکخراوەتەر سەر سێکتەرە سیاسیی و یاساییەکان، سەربازیی و ئەمنییەکان، ئابووری، کارگێڕی، هەڵبژاردنی حزبەکان و سێکتەری ڕۆشنبیریی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.