Erbil 23°C ھەینی 18 نیسان 14:02

هۆشداری له‌ خراپیی دۆخی منداڵان له‌ عێراق ده‌درێت

کوردستان TV
100%


سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، فازل ئەلغەراوی رایگەیاند، ساڵی 2024 بەردەوامی ترسناکی دیاردەی توندوتیژی دژ بە منداڵان بەخۆوە بینیوە و ژمارەیەکی پێوانەیی قوربانی و پێشێلکاری تۆمار کراوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، نزیکەی یەک لە پێنج منداڵ لە ناوچەکانی شەڕ دەژین، کە زیاتر لە 473 ملیۆن منداڵە کە بەرزترین ژمارەیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

رێژەی ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی شەڕ دەژین لە 10٪ لە نەوەدەکانەوە بۆ 19٪ لە 2024 دوو هێندە بووە. لە ساڵی 2023دا، نەتەوە یەکگرتووەکان 32,990 سەرپێچی گەورەی پشتڕاستکردەوە کە کاریگەری لەسەر 22,557 منداڵ هەبووە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 دا ئەم ژمارەیە بەرز ببێتەوە.

بە وتەی غەراوی، دیاردەی توندوتیژی دژ بە منداڵان لە عێراق لە ساڵی 2024-2025 زیادیکردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی 2024، 14 هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە کە زۆربەیان پەیوەندییان بە توندوتیژی جەستەییەوە هەبووە.

لەو حاڵەتانە، ڕێژەی قوربانیان 73٪ ئافرەت و پیاوان 27٪ بووە، هەروەها توێژینەوەیەک کە وەزارەت لە ماوەی پێنج ساڵدا (2019-2023) ئەنجامیداوە، دیاردەی توندوتیژی خێزانی زیادیکردووە و بەرزترین رێژەی ئەو تاوانانە لە بەغدای پایتەخت تۆمارکراوە کە 31٪ بووە.

ئەلغەراوی ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵی 2024 دا ڕێژەی هێرشکردنە سەر منداڵان زیادیکردووە و ئەو هێرشانەی لەلایەن دایک و باوکانەوە تۆمار دەکرێن نزیکەی ٪6ی کۆی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی لەو وڵاتەدا پێکدەهێنن.

لە ساڵی 2020 وەزارەتی ناوخۆی عێراق 12 هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی راگەیاند و لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022 دا 55 حاڵەتی توندوتیژی منداڵان چارەسەر کراون، جگە لە گەڕانەوەی 62 کچی هەڵاتوو و چاودێریکردنی 22 منداڵی هەڵاتوو.

ئەلغەراوی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ڕێژەیە لەوانەیە بە تەواوی واقیع ڕەنگ نەداتەوە، چونکە زۆرێک لە حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی منداڵان بەهۆی شەرمەزاری کۆمەڵایەتی یان ترسی تۆڵەسەندنەوە ڕاپۆرت نەکراون.

غەراوی داوای لە حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد رێوشوێنی بەپەلە و گشتگیر بگرنەبەر بۆ پاراستنی منداڵان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک، لەوانە بەهێزکردنی یاسای نیشتمانی، دابینکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ قوربانیان، و بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە مەترسییەکانی توندوتیژی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر نەوەکانی داهاتوو.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.