Erbil 23°C ھەینی 18 نیسان 14:05

ئەسۆشه‌یتد پرێس: لایەنە عێراقییەکان پێداچوونەوە بە داواکارییەکانیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن

کوردستان TV
100%


بەگوێرەی کاربەدەستانی عێراقی و ئەمەریکی کە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشه‌یتد پرێس کردووە، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، گوتاری لایەنە عێراقییەکان کە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن لەو وڵاتە کەم بووەوە و دەستیان کردووه‌ بە پێداچوونەوە بە داواکارییەکانیان.

هەروەها زۆر کەس لە عێراق دەترسن لەوەی داعش بۆشایی ئەمنی بقۆزێتەوە بۆ گەڕانەوەی، لەکاتێکدا سەرکردایەتی نوێی سوریا هێشتا کار دەکات بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر وڵاتەکەدا و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی.

ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی "شیعە" بڵاویکردووەتەوە کە زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەکە پشتگیری لە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن و نایانەوێت لە عێراق بچنە دەرەوە بەهۆی ئەوەی لە سوریا روویدا.

ئەوان دەترسن داعش ئەو بۆشاییە ئەمنی بقۆزێتەوە ئەگەر ئەمەریکیەکان عێراق بەجێبهێڵن و ئەمەش ببێتە هۆی داڕمانی بارودۆخی وڵاتەکە."

بەرپرسێکی باڵا لە دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق گوتی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەزگاکەی دەڵێت "لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات لەم کاتەدا لەو وڵاتەدا."

گوتیشی "ئەو دەنگانەی پێشتر داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکرد، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە" و پێشبینی کرد "ئەمساڵ ئەمریکا نەکشاوەتەوە."

کاربەدەستێکی باڵای پنتاگۆن رایگه‌یاند كه‌ لەوەتەی رژێمی ئەسەد، بەرپرسانی حکومەتی عێراق داوایان کردووە بە ناڕەسمی و لە بەرزترین ئاستدا کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانان بە رابەرایەتی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە عێراق دوابخرێن و هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە دوابخەن.

ئەو بەرپرسە گوتی، عێراقییەکان نیگەرانن لەوەی داعش سوود لەو ئاژاوەیە وەربگرێت کە دوای لابردنی ئەسەد و بوونی عەمباری گەورەی چەک کە سوپای پێشووی سوریا بەجێی هێشتووە بۆ گەڕانەوە.

ئەو کاربەدەستە ئەمەریکییەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "داعش لە داهاتوویەکی نزیکدا بە بەهێزی ناگەڕێتەوە بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانێت."

لای خۆیەوە حکومەتی عێراق هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان دەرنەکردووە.

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگه‌یاند كه‌ "چوارچێوەی کاتەکانی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەگۆڕاوە" ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا هێشتا بەردەوامن.

مانگی ئەیلولی رابردوو، بەغدا رایگەیاند کە گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن لەسەر خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە دوو قۆناغ.

وەزیری بەرگری عێراق ثابت عەباسی لەو کاتەدا گوتی، لێکتێگەیشتنەکە قۆناغی یەکەم لە مانگی ئەیلوولی 2024 بۆ ئەیلولی 2025 دەگرێتەوە کە "بەغدا و بنکەی سەربازی بۆ راوێژکاران" دەگرێتەوە و دواتر "لە قۆناغی دووەمدا لە مانگی ئەیلوولی 2025 تاوەکو ئەیلولی 2026 لە هەرێمی كوردستان دەکشێنەوە".

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە وەک بەشێک لەو هاوپەیمانێتییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی داعش دروستی کرد. هاوپەیمانێتییەکە سەربازانی وڵاتانی دیکەش لەخۆ دەگرێت بەتایبەتی فەڕەنسا و بەریتانیا.

ئەمریکا لە ساڵی 2003 دا عێراقی داگیر کرد و رژێمەکەی سەدام حوسێن رووخاند پێش ئەوەی لە ساڵی 2011 بکشێتەوە بەڵام لە ساڵی 2014 گەڕایەوە بۆ سەرکردایەتی هاوپەیمانان بۆ شەڕکردن لەگەڵ له‌دژی تیرۆریستانی داعش.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا، ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە رابەرایەتی واشنتن لە دژی داعش لەسەر پلانی کۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنەکانی و پلانەکە بریتییە لە کشانەوەی سەدان هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق تا ئەیلولی 2025 و ئەوانی تر لە ساڵی 2026 دەکشێنەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.