شاندی هەرێمی كوردستان لە شەوی رابردووەوە لە بەغدایە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حكوومەتی فیدڕالی لەبارەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكەن.
شەوی رابردوو شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (كوردستان تیڤی)، ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ، لە ماڵی دكتۆر فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری و وەزیری دەرەوەی عێراق، كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی فیدڕال بەڕێوە دەچێت.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) دوێنێ پێنجشەممە لە كاتی گەیشتنی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رایگەیاند، شاندەكە ئەو لیستەی مووچەی فەرمانبەرانی لەگەڵ خۆی هێناوە كە چەند رۆژێكە لەلایەن تیمە تەكنیكییەكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕالی وردبینی بۆ كراوە.
راشیگەیاندبوو كە شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ هەینیدا داوای ناردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو و مانگی 1ی ئەمساڵ دەكات بۆ ئەوەی بەزووترین كات بەسەر مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.
چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولا بكرێت بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.