دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە ئەمڕۆ پێنجشەممە رێگری لە سەرۆكی دەستەكەیان كراوە بۆ ئەوەی سەردانی زیندانی ئاسایشی رانیە بكات بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییەكانەی لەناو زیندانییەكەدا كراوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند "دوای ئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندیی تایبەتەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاگادارکراینەوە لە بوونی حاڵەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەناو زیندانیانی ئاسایشى ڕانیە، بۆ بەدواداچوون ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاستەوخۆ شاندێکی دەستە کە سەرۆکی دەستە خۆی سەرۆکایەتی دەكرد، بە ڕێکەوتن بۆ ئەوێ لە نزیکەوە ڕاستییەکان بزانن، شاندەكە تاوەکو ئێستاش لە ڕانیەن".
راشیگەیاند "دوای پەیوەندیکردن بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشی ڕاپەڕین، خۆی ڕوودانی سەرپێچییەکانى پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە ڕێکارى یاسایى لەگەل ئەنجامدەران گیراوەتەبەر".
هەروەها رایگەیاند "لە کاتێکدا شاندەكە ویستیان خۆیان سەردانی زیندانەکانی ناو ئاسایش بکەن، بەداخەوە ڕێگەیان نەدا بچنە ناو بیناى ئاسایشەوە یان تەنانەت لە نزیکیشەوە ڕێگەیان نەدا وێنە بگرن، لەبەر ئەوە شاندەکە نەیانتوانى هیچ شتێك لەبارەى دۆخى زیندانییەکانەوە بزانن".
دەستەكە ئاماژەشی دا "ئەوە لەکاتێکدایە كە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ئەرکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان بکات لە هەرکوێ بێت و لەسەر دامودەزگاکانی هەرێمە هاوکاربن و ئاسانکاری بکەن بۆ تیمەکانی دەستە و نابێ ڕێگربن، بەڵام ئەو ڕووداوە و ڕێگرییە لە سەرۆکی دەستە پێشهاتێکی خراپە و تەواو پێچەوانەی ئەرک و پابەندییەکانی ئەو دەزگایەیە بەرامبەر بە سەرۆکی دەزگایەکی باڵای سەربەخۆی هەرێمی کوردستان".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەختیشی كردەوە كە لای خۆیانەوە ئەو ڕێگرییە ئیدانە دەکەن هیوادارن لایەنی بەرپرس بەدواداچوونی جددی و لێکۆڵینەوە بکەن، ئەوەشی كە ڕوو دەدات لەناو ئەو زیندانییانە لە هەر حاڵەتێکی پێشێلکاری کە بەداخەوە نەیانتوانی بەدواداچوون بکەن و ئەوە لە ئەستۆی خۆیانە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.