لە كۆبوونەوەی ئەمشەوی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لێكتێگەیشتن كراوە بۆ تێپەڕاندنی یاسای بودجە و دووبارە دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ئەمشەو چوارشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ماڵی خۆی لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردی و سوننی و شیعەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.
ڤیان سەبڕی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە رایگەیاند: محەمەد شیاع سوودانی داوای لە سەرجەم فڕاكسیۆنەكان كرد لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان دەنگ بە پڕۆژەیاسای بودجە بدەن و تێپەڕێندرێت.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا لێكتێگەیشتن لەنێوان سوودانی و فڕاكسیۆنەكان كراوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێندرێت.
هەروەها رایگەیاند: لێكتێگەیشتنەكە لەسەر ئەوە كراوە كە پڕۆژەیاسای بودجە وەك خۆی كە لە حكوومەتەوە هاتووە، تێپەڕێندرێت كە تێیدا بڕیار لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دراوە.
ڤیان سەبڕی ئاماژەی بەوەش دا كە چاوەڕوان دەكرێت پڕۆژەیاسای بودجە بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران كە بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هەروەها پڕۆژەیاساكە بەهۆی ئەم لێكتێگەیشتنەی كراوە بە دەنگدان تێپەڕێندرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.