نووسینی/ جەودەت هۆشیار
وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
کارلێکی ڤێرجینیا وۆڵف (1882- 1941) لەگەڵ ئەدەبی ڕووسی، هێنده‌ی گرنگی نووسه‌رانی نوێخواز لهگهڕانیان بەدوای دیسپلینه کهلتوورهكان بۆ فۆرمە تەقلیدیهكانی ناو ئەدەبی ئینگلیزی‌دا، كاریگهرانهبوو. وۆڵف وتارەکانی لەباره‌ی نووسەرانی ڕووسی بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی سەبارەت بەڕۆمان و وەرگێڕان و ژیاننامە، وەک سەکۆیەک بەکارهێنا. لەوه‌ش گرنگتر لەباره‌ی ئەوەی کە ریالیزمی نوێی لەئەدەبدا پێکیدەهێنا. هەوڵیشیدا نووسینه‌كانی لەسەر ڕۆماننووسانی ڕووسی له‌چوارچێوەی مێژوویی‌دا بێت و جه‌ختیشی له‌وه ده‌كرد ڕوانگەی تەسکی ئینگلیزی بۆ ئەدەبیاتی ڕووسی تێپەڕێنێت.
لەتەمەنی بیست و شەش ساڵیدا (جەنگ و ئاشتی) ی لیڤ تۆڵستۆی خوێنده‌وه. دوای بیست ساڵ ئه‌وه‌ی به‌بیر هاته‌وە: "له‌ڕۆژێکی هاوین، کە لەسەر جێگاکەم پاڵکەوتبووم، سەرسام ببووم، له‌وساوه نازناوی گەورەترین ڕۆماننووسم بهتۆڵستۆی به‌خشی". لەتەمەنی سی ساڵیشیدا لەكاتی مانگی هەنگوینی (تاوان و سزا) ی دۆستۆیڤسکی خوێندەوە. (لەڕێگای شووشەی لێڵی وەرگێڕانهكه) بەفزولی و سەرنجی ماندوونەناسی له‌و نووسەرە ڕووسییانەی دەڕوانی کە خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان، به‌گوته‌ی خۆی جەژنی ڕاستەقینە بوون بۆ هۆش و دڵ. "بیرمە بۆ چەندان هەفتە لەهەوادا دەسوڕامەوە. - جۆفری چۆسەر لەجەنگ و ئاشتیدا لەکوێیە؟"
ساڵی 1919 وتارێکی بەناونیشانی (ئەدەبی مۆدێرن) نووسی كه تێیدا هاتووه: لەزۆربەی تێبینییە به‌راییه‌کان لەباره‌ی ئەدەبی نوێی ئینگلیزی، بەبێ باسکردنی کاریگەریی ڕووسی كارێكی زه‌حمه‌ت ده‌بێ. ئەگەریش ناوی ڕووسی هێنرا، مرۆڤ به‌خه‌یاڵی دادێت نووسین لەسەر هەر ئەدەبیاتێکی دیكه جگە لەئهدهبی ڕووسی، بەفیڕۆدانی كاته. جا ئه‌گه‌ر بەدوای تێگەیشتن لەگیان و دڵیشدا بگەڕێن، ئه‌وه لەکوێ ده‌توانین تێگەیشتنی وه‌ها قوڵ بدۆزینەوە؟
لەوتارێكیش بەناونیشانی (دیدگای ڕووسی) له‌ساڵی 1925 وۆڵف هەڵسەنگاندنی بۆ سێ نووسەری بەناوبانگی ڕووسی (فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، لیڤ تۆڵستۆی، ئەنتۆن چیخۆڤ) پێشكه‌ش كرد كه تێیدا لێهاتوویی و نامۆیی وردەکارییەکان و نووسینەکانیانی خسته به‌ردیده. ئه‌مه‌و ئەو کێشانەشی لەبەرچاو گرتووه کە لەکاتی خوێندنەوەی ئەدەبی بیانی وەرگێڕدراو لەته‌ك جیاوازییە که‌لتوورییەکان، سەرهەڵدەدەن. بەردەوامیش بەجیا لەهەر نووسەرێکی ده‌ڕوانی و هاوكات بۆ دەربڕینی بایه‌خپێدانه ستایلی و کهلتوورییەکانیشی، فه‌زای دروست دەکرد.
لەمانگی ئایاری ساڵی 1922 وۆڵف نامەیەکی بۆ (جانێت کەیس) ی هاوڕێ نووسەرهكهی نووسی و تێیدا نووسی (لەناو نووسەرە زیندووە ئینگلیزیهكاندا نووسەرێک نییە ڕێزی لێبگرم، بۆیە پێویسته له‌سه‌رمان بەرهەمی نووسەرانی ڕووسی بخوێنینەوە).
وۆڵف بۆ نووسەره ئینگلیزییه‌كان، نووسەرانی ڕووسی کردبووە نموونە. وه‌هاشی ده‌ڕوانی ڕووسەکان سەیری كڕۆكی شتەکان دەکەن، كه‌چی ئینگلیزەکان حەز ناکەن ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببنەوە. هه‌روه‌ها ڕووسەکان زیاتر ئاگادارن (مەحاڵیشە لەچاوه تیژه‌كانی تۆڵستۆی بشاردرێتەوە)، و ئه‌وان بە "تێکەڵەیەک لەسادەیی و لێهاتوویی ڕۆحی نائاسایی." جیاده‌كرێنه‌وه. ڕووسەکان "لەئێمە دوورتر دەبینن، ئه‌وان لەکەموکوڕییە روانینهكانمان به‌ده‌رن و بهیهكسانیش لەگەڵ خوێنەر گفتوگۆی جددی و ڕاستگۆیانە دەکەن. هه‌روه‌ها ڕەتیدەکەنەوە بگەنە ئەنجامه کۆتاییهكان. نووسەرهكانمان له‌سەدەی نۆزدە ڕاستییەکانیان نەگوت، هەر بۆیە ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ئەدەبی سەدەی ڕابردوو وەک شتێکی بێ‌مانا سەیری دەکرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌شه دیکنز و تاکری سەرەڕای بەهرە سروشتییه‌كانیان، بەبۆچوونی ئێمە لەسەر بووکەڵەیان دەنووسی نەک لەسەر ژن و پیاوی پێگه‌یشتوو. ههروههها ئه‌وان لەباسکردنی شتە سەرەکییەکان خۆیان بەدوور دەگرت و بەلادانەکان سەرقاڵیان دەکردین".
لەزۆرێک لەوتارەکانیشیدا ئاماژەی بەبیرۆکەی پێگەیشتنی ئەدەبی ڕووسی بەبەراورد بەئەدەبیاتی ئینگلیزی كردووه: "ئەو ڕووسانە چۆنن، ها؟ - ئه‌وان ناخی ئێمە دەبینن. ئێمه هەموو شتێک دادەپۆشین: ئەو چاڵه‌ی گوڵی تێدا دادەنێین، هەژاری - بەزێڕ بۆیه دەکەین و بەمەخمەلیش دایدەپۆشین... - بەڵام نا‌توانیت ئه‌وان فریو بدەیت).
بلیمه‌تی خۆرسكییانه
لەکاتی خوێندنەوەی تۆڵستۆی کە وۆڵف بەبلیمهتی خۆرسكییانه ناوی دەبرد، (هەست هەمیشە خۆیه‌تی: وەک ئەوەی دەست لەوایەرێکی ڕووتی کارەبایی بدەیت). لەوتارێكیشیدا بەناوی (ڕوانگەی ڕووسی)، قووڵایی بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە ڕووسییەی به‌دیارخستووه و چەند تێبینییەکی وردیشی لەبارەیانەوە خستۆته‌ڕوو. ئاماژەی بەوەش کردووە (لەیەکەم وشه‌كانیه‌وه دەتوانین بەهەر شێوەیەک بێت لەیەک شت دڵنیابین. ئەمە مرۆڤێکە ئه‌وه‌ی دەیبینین دەیبینێت، هەروەک چۆنیش ڕاهاتووین، ڕێڕه‌وه‌كه‌ی دەست پێدەکات و درێژەی پێدەدات؛ نەک لەدەرەوە بەرەو ناوەوە یان ناخ، بەڵکو بەپێچەوانەوە). هەروەها وەسفی زیرەکیهكهی و هەستەکانی بە (بەهێز و ورد و فیدباكی باش) کردووه و ئاماژەی بەوەشداوه، (پێناچێت هیچ شتێکی لەدەست ده‌رچووبێ و هیچ شتێکیش له‌پێش دیده‌ی رهتنهبووه بەبێ ئەوەی ئەو هەستی پێ‌بکات و تۆماری بکات).
کاریگەری بەرهەمەکانی تۆڵستۆی له‌وانه (جەنگ و ئاشتی) و (ئانا کارینینا) لەسەر وۆڵف، لەڕێگەی ڕۆمانەکانی وەک (خاتوو دالۆوای) و (به‌ره‌و تاوه‌ری رووناكی ده‌ریا) دا ڕوونە. بۆ نموونه له‌وه‌ی یه‌كه‌میاندا بۆ وه‌سفكردنی یادگارییه‌كانی (کلاریسا دالۆوای) و (پیتەر والش)، بەشێوازی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هونەری له‌سه‌ر ستایلی تۆڵستۆی، موناجاته ده‌روونییه‌كانی تاكی به‌كارهێناوه.
وۆڵف پێی وابوو بەراوردکردنی نۆڤێلی (قۆزاخەکان) ی تۆڵستۆی بەکتێبهكانی نووسەرانی ئینگلیزی، وەک بەراوردکردنی دەستنووسی نەرمی منداڵان وایه بەبەرهەمەکانی مامۆستایەکی پێگەیشتوو.... ئەوەشی لەوتارە دواییهکەی (تاوەری لار) ده‌ربڕیوه.
له‌وتاری (گۆرکی لەباره‌ی تۆڵستۆی) ش كه ساڵی 1920 نووسی، وۆڵف کتێبی (لێڤ تۆڵستۆی) ی ماکسیم گۆرکی بهخوێنەران ناسیوه، کە ساڵی 1920 لەچاپخانەی هۆگارس بریس چاپ‌کرا. زۆر بەخێراییش کتێبەکە وەرگێڕدرا. كه پێده‌چێت له‌یەکێک لەچاپە یەکەمەکانی ساڵی 1919 بووبێت، له‌مه‌وه دیموکراسی و بوێری ڤێرجینیا وۆڵف و هاوسه‌ره‌كه‌ی بەرز ده‌نرخێنین، کە لەهەمان ساڵدا کتێبەکەی گۆرکی و دوو وتاریشیان لەباره‌یه‌وه بڵاوکردەوە. لەپشت ئەوەشهوە مرۆڤ دەتوانێت ئەو گرنگیپێدانە گەورەیە ببینێت کە بەریتانییەکان و خودی وۆڵف بۆ تۆڵستۆی نیشانیانداوه : "خوێنەری ئینگلیزی گرنگی بەهەموو حه‌قیقه‌تێك سەبارەت بەتۆڵستۆی ده‌دات، به‌هەموو وردەکارییەکان و به‌هەموو یادەوەرییەکانی". وۆڵف جەختی لەوه‌ش ده‌كرد کتێبەکەی گۆرکی ناوازە بوو. ئه‌ویش نووسەر و شایەتحاڵێکی گەورە بوو و وێنەیەکی بەهێز و زیندوو و فرەلایەنەی تۆڵستۆیشی داهێناوه. لەشێوەی تێبینیشدا نووسیویه‌تی. لەڕوانگەی وۆلفیشهوه جۆرێکی جیاواز بوو لەژیاننامەی ئاسایی.
ڤێرجینیا وۆڵف پێزانینی زۆری بۆ تۆماس هاردی هەبوو: "زیاتر لەجارێک لێم وه‌رگرتووه، سەرسام بووم بەپهخشانه بەهێزه‌كانی و دیمەنە سروشتییەکانی ناوی و زمانە دەوڵەمەندەکەی". لەگەڵ ئەوەشدا وه‌های ده‌بینی ئەو کلاسیکە ئینگلیزییە ناكرێت لەگەڵ تۆڵستۆی بەراورد بکرێت. "هاردی ناتوانێت چیرۆک بگێڕێتەوە. بەڵام كڕۆكی ئەدەبی گێڕانەوە بریتییه لههونەری گێڕانەوەی چیرۆکەكان. بۆیە هاردی ژن ناچار دەکات دانپێدابنێت. چۆن ئەو کارە دەکات؟ لەڕوانگەی گێڕەرەوەی ئاشكرا - بەڵام دەبێت دیمەنەکە وروژێنه‌ر و سەرنجڕاکێش بێت.. بیهێنە بەرچاوت تۆڵستۆی چۆن وه‌های دەکرد!".
ده‌نگی سەرسوڕهێنەری ههمهجۆر
وۆڵف لەوتارێكی بەناوی (زیاتر لەباره‌ی دۆستۆیڤسکی) کە له‌ساڵی 1917 بڵاوکرایەوە، کتێبێکی نوێی بهخوێنەران ناسی كه وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئه‌وی گرتۆته‌خۆ. هەروەها تێگەیشتنی خۆشی لەباره‌ی دۆستۆیڤسکی نیشانداوه. وتارەکە لەسەر بنەمای کاردانەوەی چاوەڕوانکراو لهخوێنەری ئینگلیزی وه‌ستاوه، کە ڕەنگە بەزەحمەت لەڕەفتاری کارەکتەرەکان یان شێوازی ژیانیان، یان وەسفی بیرکردنەوەکانیان بگات. ئەو خوێنەرەی لەسەر ڕۆمانی ئاسایی ڤیکتۆری سەدەی نۆزدەش پەروەردە بووبێ، ڕانههاتووە له‌سه‌ر گرنگیدانی ورد بەجیهانی گیانی مرۆڤ و تێگەیشتن لەدەروونهكهی، ئه‌وه‌ی كه تایبەتمەندی نووسەرانی ڕووسییە، بەتایبەتیش دۆستۆیڤسکی. وۆڵف له (ده‌نگی سەرسوڕهێنەری ههمهجۆر) و تێڕوانینی نوێ بۆ ئەدەب، فه‌زلی بۆ دۆستۆیڤسکی گه‌ڕاندۆته‌وه. ئاماژەی بەوەشداوه کە ستایله‌كه‌ی دۆستۆیڤسکی په‌خشانی لە (ئاوازی کۆن) ڕزگار کردووە.
پرسیارەکانی چیخۆڤ
وۆڵف عاشقی ئەدەبی ڕووسی بوو. پێشوازیشی له‌هەر هەوڵێکی پەیوەست بەو ئەدەبه دەکرد، جا کتێبێکی وەرگێڕدراو بێت یان نمایش‌کردنی یەک لەشانۆنامەکانی چیخۆڤ بێت لەسەر شانۆی ئینگلیزی. لەوتارێكی به‌ناوی (باخی گێلاس) یشدا باسی لەو سەختییانهی تێڕوانینی بەریتانییه‌كان بۆ درامای چیخۆڤ كردووه. كه چیخۆڤ له‌گه‌ڵ رێساكانی شانۆی عیلمانی ئینگلیزی بێگه‌رد به‌گیانی شێریدان یان وایڵد نه‌ده‌گونجا، وەک ئه‌وه‌ی ئەکتەرەکان هەوڵی پێشکەشکردنیان دەدا. ویستی نائیرادهیی ئەوانیش بۆ بەستنەوەی کارەکتەرەکانی چیخۆڤ بەجۆرە ناسراوەکان، تەنیا بۆ هێزی توانای ئەکتەرەکە ناگەڕێتهوە، بەڵکو بۆ ئەو بیرۆکە دامەزراوەش کە مرۆڤ تاکێکە تا هه‌تایه سەر بەتوێژێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوه. شانۆی چیخۆڤ لەدژی سیستەمی ڕەوشتی باشی ناو شانۆی ئینگلیزی و سنووری توندی چینایەتی و پێوەندییه رواڵه‌تییه‌كان، یاخییه. وۆڵف جەختی لەوەش كردۆته‌وه لەئەدەبی دیموکراسی ڕووسیادا هیچ جیاوازییەک نییە (ئه‌گه‌ر ئاغا بیت یان پیاوێکی سادە، گەمژە بیت یاخود خانمێكی کۆمەڵگەی باڵا). پاڵەوانەکانی چیخۆڤیش تەنیا بەگوێرەی هەست و بیرکردنەوەکانیان مامەڵە دەکەن. ئەوەش هەستێکی زیندوو بەبینەر دەبەخشێت.
لەوتارە سەرەکییەکەشی سەبارەت بەچێخۆڤ، (پرسیارەکانی چیخۆڤ) له‌ساڵی 1918 وۆڵف راناوی كۆی بەکارهێناوه: "ئەو بۆ ئێمە وەک رازێك دەمێنێتەوە". "ئه‌و لەئێمە نزیکترە"، " چیخۆڤ هاوبەشه لهبیرکردنەوەمان".
وۆڵف نەیدەویست ببێتە قوتابی یان شوێنکەوتووی هیچ نووسەرێکی گەورە، (نەتۆڵستۆی و نەدۆستۆیڤسکی و نەتۆرگنێڤ) یش. بەو هەموو خۆشەویستی و ڕێزەشهوە بۆیان. لەباره‌ی چێخۆفیشدا ڕاستەوخۆ باسی لەو پێوەندییه تۆكمه‌ییه‌ی نێوان ئەو و مۆدێرنیزمی ئینگلیزی کردووە. ئاماژەی بەو شتە سەرەکییەش كردووه کە لەچیخۆڤەوە وه‌ریگرتووه، کە کەشوهەوای چیخۆڤییە: "دەستەواژەی نامۆ و کورتکراوەن، بەڵام بەتەواوی گوزارشت لهكڕۆك ده‌كه‌ن... کارەکتەرەکان قسە دەکەن، وەک ئەوەی بەدەنگی بەرز بیربکەنەوە".
تێكه‌ڵه‌ی ڕه‌گداكوتاو
بێگومان وۆڵف كێشندهی تۆرگنێڤیش بوو. چەند بابەتێکیشی بۆ ئەو تەرخان کردووه. دوا بابەتیان (ڕۆمانەکانی تۆرگنێڤ) بوو، کە لەسەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو نووسی. له‌و کاته‌ی بەرهەمەکانی تۆرگنێڤ بۆ زۆرێک لەڕۆژئاواییهكان كۆن ببوون. ڤێرجینیا وۆڵف كه لەلوتکەی داهێنانی ئەدەبیدا بوو، لەسەر تورگنێڤی هونەرمەند و لەبارەی نەمری و ئیستاتیكای لەئەدەبدا نووسی. ئەو لەتورگنێڤدا تێکەڵە ڕهگداكوتاوهكهی لەگەڵ که‌لتووری ئەوروپی و پەیوەندییە قووڵەکانی لەگەڵ نیشتمانەکەی خۆی، بەرز نرخاند.
لەپشت بەرهەمە ڕەخنەییەکانی وۆڵفەوە، مرۆڤ دەتوانێت ڕۆماننووسێک ببینێت کە خەریکی هەوڵەکانی خۆیەتی، توانای ئەوەی هەیە بەئازادی و بەجۆش و خرۆشەوە لەژیاننامەی دۆستۆیڤسکی، یان پرسیارە ئەخلاقییەکانی تۆڵستۆی، یاخود لەجیاوازییهكانی نێوان سلاڤۆفیەکان و ڕۆژئاواییەکان تێبگات: "ڕەسەنایەتی تورگنێڤ بەوردی لەو دووفاقییهدایە: لەفەزای تەسکی کورتە بابەتەکاندا، لەیەک کاتدا دوو کردەی پێچەوانە ئەنجام دەدات. چاوە تیژەکەی تا بچووکترین وردەکاری سەرنجی هەموو شتێک دەدات... کورتە بابەتەکانی تۆرگنێڤ ته‌ژین لەدژبهیهكی. لەچوارچێوەی یه‌ك لاپەڕەدا ڕووبەڕووی گاڵته‌جاڕی و سۆز، شیعر و قسه‌ی سووك. ئاوێكی رۆیشتوو لهبۆڕی و چریكه‌ی بولبوول، دەبینەوە". ڤێرجینیا وۆڵف بەوردی لەسەر پاشخانی سۆزداری زیاد له‌پێویستی کتێبەکانی تورگنێڤ و لەسەر تایبەتمەندییەکانی فەلسەفە و شێوازەکەی وه‌ستاوه: " تۆرگنێڤ هێزێکی نائاسایی لهکاریگەری سۆزداری هەیە: لەیەک ساتدا جوانێكی سه‌رسام له‌مانگ ده‌ڕوانێ و ئەو کەسانەش كه لای سه‌ماوه‌ر دانیشتوون و دەنگ و گوڵه‌كان و گەرموگوڕی باخچە."
"ڕۆمانەکانی تۆرگنێڤ وەک میوەی درەنگ پێگەیشتوو وان، لەدارێکی کۆندا. له‌ناو هەر کتێبێکی چڕ و دەوڵەمەندیشی وردەکارییەكان بیریان لێكراوه‌ته‌وه. تۆرگنێڤ ئابووریانهترین نووسەرە. هەروەها ئه‌و تا ڕادەیەکی زۆر، خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی دەگمەنه لهگونجاندن و هاوسەنگی... وێنەی گشتی و هه‌ماهه‌نگی جیهانمان پێدەبەخشێ... هەستی تورگنێڤ سەرەڕای خهوشهكانی وەک چیرۆک‌نووس، بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانه ڕاستە. .. جوانی لەکتێبەکانیدا دەژی چونکە هەوڵی زۆری‌دا كڕۆكی (ئیگۆ) ی هونەرمەند بنووسێت".
نیشانە و ئاماژەکان
لەهەموو شوێنێکی ڕۆمانەکانی ڤێرجینیا وۆڵف نیشانە و ئاماژەدان بەبەرهەمی نووسەرانی ڕووسی و پاڵەوانە کلاسیکییه‌كانی ئەدەبی ڕووسی دەبینرێت، بەتایبەت لە (خاتوو دالۆوای). نزیکایەتی زیاتریشی لەگەڵ چێخۆفدا هەیە. بۆ نموونە لهبڕگەیەكی ڕۆمانی (ژووری یاقوب) دا هاتووە (نه کارەساتی سرووشتی و نە تاوانه‌كان، نە مردن یان نەخۆشی، واهامان لێناكه‌ن پیر بین و بمانکوژن، بەڵکو... پێکەنینی شاراوه، نیگای لاوەکی لەشوێن پێی پاسێکی گشتی) . ئەمەش چێخۆفمان بیردەخاتەوە: "مرۆڤەکان نان دەخۆن، تەنیا نان و لەو کاتەشدا خۆشبەختییان پێکدێت و ژیانیشیان نابوت ده‌بێت."
"بەدڵنیاییەوە ئەدەبی ڕووسی بنه‌مای مێشکی وۆڵفی پێكهێناوه، وەک ئه‌وه‌ی له (خاتوو دالۆوەی) دردهكهوێ. ئه‌ویش وەک ئانا کارینینا، ڕۆمانەکە گرێی دووانەیی لەخۆگرتووه کە تێیدا یەکێک لەپاڵەوانەکان خۆی دەکوژێت؛ وەک ئاناش هاوسه‌ره فه‌رمییه‌كه‌ی (ڕۆحی) کلاریسا ده‌خنكێ، و وه‌ك لیڤینیش پیته‌ر والش نامۆیانه بهناوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگاکەی ده‌گات. وۆڵف لەبارەی ڕۆمانه‌كه‌ی تۆڵستۆی نووسیویەتی (دڵته‌نگم کتێبەکە بەبێ هیچ ئاماژەیەک بەئانا کۆتایی دێت. ڕێگەی پێدرا بکشێتەوە و هەرگیزیش جارێکی دیكه بیر لە لیڤین یان کیتی نەکاتەوە). خۆنهكوشتنی كلاریسا كارێكی گرنگه چونكه بانگمان ده‌كات بۆ روانین له‌ڕۆمانه‌كه‌ی وۆلف، به‌و ئیعتیباره‌ی وه‌ڵامندانه‌وه‌ی شاكاره‌كه‌ی تۆلستۆیه. ئه‌وه‌ش ئاوێته‌بوونێكی ئهندێشاییانهی نێوان كه‌لتووری ئه‌ده‌بی ئینگلیزی و رووسییه. تێگه‌یشتنی ئه‌و بۆ وەرگێڕان وەک کردەیەکی کاریگەری هاوبەش و گۆڕانی فیکری بەشێوەیەکی بەرچاو پێچه‌وانه‌بوو لەگەڵ وه‌رگرتنی تێرنەکراویانهی که‌لتووری ڕووسی لەلایەن هاوچەرخەکانییەوە.
ڤێرجینیا وۆڵف بڵاوکەرەوە و وەرگێڕەكهی
ڤێرجینیا وۆڵف بۆچوونی نەرێنی هەبوو له‌باره‌ی وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییە ڕووسییەکان بۆ زمانی ئینگلیزی؛ لە (ڕوانگەی ڕووسی) دا نووسیویەتی: (وەرگێڕان ئەدەبیاتی ڕووسی هەژار کردووە و لەڕادەبەدەرانهش شێواندووەیهتی. ئێمه بەهۆی خراپی وەرگێڕان، باس لەئەدەبێك دەکەین کە ستایله‌كه‌ی لێ زەوت کراوە و تەنیا مانایەکی نزیکی بۆ ماوەته‌وه. بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ نووسەرە گەورەکانی ڕووسیادا کرایه، وەک ئه‌و پیاوانه‌یان لێهاتووه کە بەهۆی بوومەلەرزە یان کارەساتێک جل و بەرگیان لێ داماڵراوه، یان ئەوەی لەوەش گرنگترە، لەستایلەکەیان و سرووشتی کەسایەتییەکانیان و خۆرسكییان داماڵراون. له‌دوای ئەوە هیچ نه‌ماوه‌تەوە جگە لەشتێكی بەهێز و کاریگەر. بەڵام- دوای ئەو بڕینە- قورسە ئێمه هەست بەمتمانهیی بكه‌ین كه گوایه چێژ له‌كاره‌كانیان وه‌رده‌گرین).
دەبێت بڵێین ڤێرجینیا تا ڕادەیەک له‌سه‌ر حه‌ق بوو تا مافی ئه‌وه به‌خۆی بدات حوکم لەسەر وەرگێڕانەکانی زمانی ڕووسی بدات. لەسەردەمێکدا خۆی و هاوسەرەکەی وانەی زمانی ڕووسییان لەلایان نووسه‌ری تاراوگەنشینی ڕووسی (ساموێل کاتێلیانسکی) وەرگرتووە، کەئهو پێش شۆڕشی بۆلشەفییەکان به‌ره‌و ئینگلتەرا چوو و تا مردنیشی بووە بەپردی کولتووری لەنێوان ئەدەبیاتی ڕووسی و ئینگلیزی.
ڤێرجینیا بەهاوکاری کاتێلیانسکی ساڵی 1920 (بیرەوەرییەکانی گۆرکی) و (دەفتەرەکانی چێخۆڤ) و ساڵی 1922 (به‌ڕێزێك لە سانفرانسیسکۆ) ی ئیڤان بونین و ساڵی 1923 (دانپێدانانی ستاڤرۆگین) (بەشی ونبوو لهئههریمهنهكان) و (نامەکانی تۆڵستۆی بۆ ئارسێنێڤا) و (گفتوگۆکان لەگەڵ تۆڵستۆی) و بیرەوەرییەکانی ئەلێکساندەر گۆڵدنڤایزەری ئاوازدانەر و ڕەخنەگری (نزیک لەتۆڵستۆی) ی لەڕووسییەوە بۆ ئینگلیزی وەرگێڕا. ئەو بەرهەمانەش لەخانهی هۆگارت بریس چاپکران کە ئه‌و خانه‌یه له‌لایه‌ن خودی وۆڵف و لیۆنارد وۆڵفی هاوسەری دامەزرا بوو. جگە لەوەش، وۆڵف لەسەختترین سەردەمه‌كان، بەتایبەت لەنێوان ساڵانی 1917 بۆ 1925 کە ئه‌وسا ڕووسیای شۆڕشگێڕی لەدابڕانی سیاسی‌دا بوو، لەباره‌ی ئەدەبی ڕووسی نووسی. ئەوەش ئاماژەیە بۆ فراوانی بیری وۆلفی نووسەر و سەربەخۆیی بۆچوونەکانی، تائاستێكیش راڤه‌ی دووبارە بڵاوکردنەوەی وتاره (رووسییه‌كان) ی ده‌كه‌ن له‌ڕۆژئاوا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.