سێ پایسكلسواری كورد بە نوێنەرایەتی عێراق بەشداری لە پاڵەوانیەتییەك دەكەن كە ركابەرییەكانی ئەمڕۆ هەینی لە ئیماڕات دەست پێ دەكات.
عەبدولقادر نورەدین ئەندامی یەكێتی پایسكلسواری عێراق و سەرۆكی شاندی هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند: هەڵبژاردەی پایسكلسواری عێراق بە شەش یاریزان بەشداری لە پاڵەوانیەتیی (تەوافە) دەكەن كە ئەمڕۆ لە شاری شاریقەی ئیماڕات دەست پێ دەكات.
راشیگەیاند: سێ لە پایسكلسوارەكانی هەڵبژاردەی عێراق كوردن، بەشداریكردنی ئەو سێ یاریزانی كوردە خۆی لە خۆیدا ئاستبەرزی پایسكلسوارانی كورد نیشان دەدات لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقدا.
هەروەها رایگەیاند: چاوەڕێی ئەنجامێكی باش دەكەین لە پاڵەوانیەتییەكە، چونكە ئامادەكاری تەواومان بۆ ركابەرییەكان كردووە، جگە لەوەش ئەم پاڵەوانیەتییە وەك ئامادەكارییەك دەبێت بۆ پاڵەوانیەتی ئاسیا.
عەبدولقادر نورەدین گوتیشی: پاڵەوانیەتی تەوافە لە ئیماڕات كە تا رۆژی 28ی مانگ بەردەوام دەبێت، گرینگی خۆی بۆ هەڵبژاردەی عێراق و پایسكلسوارە كوردەكان هەیە كە 20 هەڵبژاردەی عەرەبی و جیهانی بەشداری تێدا دەكەن.
ئەندامی یەكێتی پایسكلسواری عێراق سەبارەت بە پاڵەوانیەتییەكانی داهاتووش، ئاماژەی بەوە دا: بڕیارە لە 5ی مایسی داهاتوو لە وڵاتی تایلاند بەشداری لە پاڵەوانیەتیی ئاسیا بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.