گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لێدوانێكی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدڕالی بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانەكەدا رایدەگەیەنێت "دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا دەنگی لەسەر نەدرا".
پێشەوا هەورامانی هەروەها رایگەیاند "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لەلایەن نوێنەری حکوومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تاکلایەنە و بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکرێت یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
راشیگەیاند "ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات".
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا "بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین، بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتووین بخرێتە دەنگدانەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.