دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند كە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق بە هەوڵی حكوومەتی هەرێم و وەزیر و پەرلەمانتارانی كوردستان ئەنجامدرا.
دەستەكە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی لەناوچووی بەعس دەرکرد و سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەویوزاری ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی لە کورد و تورکمان گەڕایەوە".
راشیگەیاند "ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و سەرجەم کاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستانە لە بەغدا، ئێمەش لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان پێمانوایە ئامانجێکی گەورەمان بەدیهات کە ماوەیەکی زۆرە تەواوی هەوڵەکانمان لە هەولێر و لە بەغدا بۆی تەرخان کردووە".
راشیگەیاند "بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی دەکەین، بە ئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و کۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا و لەپێش هەمووشیانەوە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری هەمیشەی عێرق".
دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكان ئاماژەی بەوەش دا "بە بیری هەموولایەک دەهێنینەوە كە هەوڵی پێکەوەیی و خەباتی هاوبەشمان گەرەنتی پاراستنی کوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە بەدینەهاتووەکانمانە، ئەو دەستکەوتەی ئەمڕۆش لەم چوارچێوەیەدا بەدیهات".
لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە سێ پڕۆژەیاسا درا، یەكێك لە پڕۆژەیاساكان گەڕانەوەی خانوو و زەوی بۆ خاوەنەكانیان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.