لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا، سێ ئەفسەری ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند کە تەقینەوەیەک لە قەزای تارمییە باکووری بەغدا ڕوویداوە و لە ئاکامدا، سێ ئەفسەری ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژران و چواری دیکەش برینداربوون.
شانەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوای ئەوەی زانیاریی ھەواڵگریی لەبارەی بوونی بڕێک تەقەمەنی کۆن لە ناوچەی ئەلبوغنتوس سەربە قەزای تاڕمییە بە دەست دەزگای ئاسایشی نیشتمانیگەیشتووەتە، ھێزێکی سەربە دەزگاکە بە ھاوکاری لیوای ٢٣ی پیادەی سوپا چوونەتە ئەو شوێنە و دواتر ھەڵەیەک لە دەرەوەی رێکارە کارپێکراوەکان، روویداوە و بەھۆیەوە تەقەمەنییەکان تەقیونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی تەقینەوەکەدا، سێ ئەفسەر کوژراون و چوار ئەفسەری دیکەش برینداربوون.
باسی لەوەش کردووە کە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، پێکھێنراوە لەبارەی ئەوەی بەدەر لە رێکارە کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو تەقەمەنییانەدا، کراوە و ئاماژەی بەوەشداوە کە دوای دۆزینەوەی تەقەمەنی، کەرەستەی سەربازیی و پاشماوەی جەنگی، ئەرکی ئەندازیاریی سەربازیی مامەڵە لەگەڵ تەقەمەنییەکاندا بکات.
ھەروەھا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕەتی کردووەتەوە کە تەقینەوەکە لە ئاکامی کردەیەکی تیرۆریستی یان پێکدادان لەگەڵ تیرۆریستان بووبێت وەک ئەوەی پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا بڵاوکرابوویەوە و داواشی کردووە کە زانیاری ورد لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگیرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.