سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆببێتەوە.
سەڵاح بامەڕنی پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە بەغدا پێی راگەیاندین: كەمێك پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
راشیگەیاند: بڕیارە ئەمشەو سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەكردەكانی ئیدارەی دەوڵەت كە پێكھێنەری حكوومەتی عێراقن، كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات.
هەروەها رایگەیاند: بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی ئەمشەودا، لە یەكیك لە تەوەرەكاندا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەركردەكانی ئیدارەی دەوڵەت پرسی شایستە داراییەكان و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ بكات و گلەییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ نەناردنی مووچە و شایستە داراییەكان بگەیەنێت.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا كە دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەركردەكانی ئیدارەی دەوڵەت، بڕیارە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی دیكە لەگەڵ سەركردەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا ئەنجام بدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.