Erbil 6°C دووشەممە 06 کانوونی دووەم 20:26

پارێزگای هەولێر: پلانەکانی پشووی سەری ساڵی نوێ بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران

کوردستان TV
100%

پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لەسەر بەرنامە و ئامادەکاری و پلانەکانی پشووی سەرى ساڵى نوێ بڵاو کردەوە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراو:

ڕاگەیندراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە، لە بارەى ئامارەی پشووی سەری ساڵی "2025"
بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1 ئامادەکرابوو، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان وەک چۆن داڕێژرابوو لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان بەسەرکەوتوویی و وەکو خۆى و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێ کرا، بەوشێوەیەی خوارەوە:-
یەکەم/ گەشت و گوزار:-
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران لە بازگەکانی دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، ( 63 هەزار و 411 ) گەشتیار لەبازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە. 
دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ، بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکان و خێرا لێخوڕین ( 26 ) ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویانداوە، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە ( 1 ) کەس گیانیان لەدەستدا و ( 14 ) کەسى دیکەش برینداربوونە. 
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی  پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
چوارەم/ پۆلیسی هەولێر:-
پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان و ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێک تەواوی بڕگەکانی وەک خۆى جێبەجێکران، ( 135 ) حاڵەت و تاوانى جۆراو جۆر ئەنجامدراوە، ( 129 ) حاڵەت و تاوان ئاشکراکراوە و تاوانباران و ئەنجامدران دەستگیر کراون و ( 6 ) تاوانیش لەژێر لێکۆلینەوەدایە.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە ئەرک دابوون، لە 2024.12.25  تاوەکو 2025.1.1، ( 12 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە. 
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى:
تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، (16,100) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەگشتییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، ( 225 ) نەشتەرگەرى گەورە و (533) نەشتەری بچووک ئەنجامدراوە، ( 865 ) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی لەدایک بوونیان کردووە و (414) منداڵ لەدایک بووە، ( 1,269 ) نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی و سەنتەری ئاوات چارەسەریان وەرگرتووە و ( 4٫221 ) هاوڵاتیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی سەنتەری دڵیان کردووە.
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە قائیمقامیەت و یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزە ئەمنییەکان دەکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنى تەواوى شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییانى شارەکەمان و ژمارەیەکی زۆری میوانان و گەشتیاران بۆ بەسەربردنی دواساتەکانی شەوى سەرى ساڵ ڕوویان لێکردبوو.
هەروەها دەستخۆشی لە ئاسایشی بازگەکان و تیمەکانى گەشت و گوزار دەکەین کە لە ئامادەباشى تەواو دابوون بۆ خزمەتکردنى گەشتیاران و میوانان و هاوڵاتییان، هەروەها تیمەکانی شارەوانى و  فەرمانگەی ژینگەپارێزی، کە لە ڕۆژى دواى سەرى ساڵ سەرەڕایی پشووى فەرمانگەکانیان تەواوی ئەو شوێن و جێگە گشتیانەی شاریان پاککردەوە کە بە هۆی پاشماوە و زبڵ و خاشاکی شەوی سەرى ساڵ پیس ببوون، دەستیان خۆشبێت.
هەروەها سوپاس بۆ میوانان و گەشتیاران و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان، کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و سەرى ساڵى نوێ بەبێ هیچ کێشەیەک و بەوپەڕى ئارامى و لە کەشێکى پڕ لە خۆشى و شادی بۆ هەموو لایەک بەڕێکرا.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2025.1.4
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.