نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) ڕادەگەیەنێت کە، هێرشبەرەکەی شاری نیوئۆرلینز لە ویلایەتی لویزیانا، هاووڵاتییەکی ئەمریکایی تەمەن 42 ساڵ بووە بە ناوی شەمسود دین جەبار و جەختیشی لەوە دەکەنەوە کە لەو باوەڕەدا نین کە هێرشبەرەکە بە تەنیا لە پشت کردەوەکە بێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ویلایەتی لویزیانا بەڕێوەچوو، ئەفسەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI) ئەلیتیا دانکن لەبارەی ڕووداوی خۆپێداکێشانی بارهەڵگرێک بە ئاپۆڕای خەڵکدا، زانیاری بە میدیاکاران دا.
دانکن هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناو هێنا و جەختی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستی پێکردووە.
ئەو ئەفسەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە کە هێرشبەرەکە دوای ئەوەی خۆی بە ئاپۆڕای جەماوەر داکێشاوە، هاتووەتە خوارەوە و تەقەی لە خەڵک کردووە.
ئەلیتیا دانکن بۆ میدیاکاران گوتیشی، لە ناو ئۆتۆمبێلی هێرشبەرەکەدا ئاڵای داعش دۆزراوەتەوە و ڕاشیگەیاندووە، لە بوونی هەر چەشنە پەیوەندییەک لەنێوان هێرشەکە و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە دەکۆڵنەوە.
دانکن گوتیشی، لەو باوەڕەدا نین کە جەبار بە تەنیا لە پشت هێرشەکە بووبێت و بۆ دەرخستنی هەر چەشنە پەیوەندییەکی کەسانی دیکە بەو هێرشە، لە بابەتەکە دەکۆڵنەوە.
ئەفسەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی وڵاتەکەی (FBI) ئەلیتیا دانکن ڕاشیگەیاند، لە شوێنی ڕووداوەکە دوو بۆمبی دەستکردیان دۆزیوەتەوە و پووچەڵیان کردووەتەوە.
دوێنێ چوارشهممه 1ی1ی2025 لە شاری نیوئۆرلینزی ئەمریکا باڕهەڵگرێک خۆی بە ناو ئاپۆڕای خەڵک داکێشا و بە هۆیەوە 10 کەس گیانی لەدەستداوە و 35 کەسی دیکەش بڕیندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.