ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەنێوا فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام و بەشێك لە بەرپرسانی هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات (هەسەدە) ئەنجامدراوە، هەردوولا كۆبوونەوەكەیان بە ئەرێنی وەسف كردووە.
ئاژانسی (فڕانس پرێس) لەسەر زاری بەشداربوویەكی كۆبوونەكە بڵاوی كردەوە: كۆبوونەوە راستەوخۆكەی ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتی دەستەی تەحریری شام لەگەڵ فەرماندە كوردەكانی هەسەدە ئەرێنی بووە.
بڵاویشی كردەوە: كۆبوونەوەكە دەستپێكێك بووە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی دیكە لە داهاتوودا، هەردوولا رێككەوتوون دیدار و كۆبوونەوەی زیاتر لە داهاتوودا ئەنجام بدەن بەمەبەستی لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوەی زیاتر.
سەرچاوەكە جەختیشی كردۆتەوە كە بەشێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكە لەنێوان هەردوولا ئەرێنی بووە.
هێزەكانی دەستەی تەحریری شام دوای رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد لە رۆژی 8ی ئەم مانگەوە دیمەشقی پایتەخت و بەشێكی زۆری وڵاتی سووریایان بەدەستەوەیە و حكوومەتێكی راگوزەریان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دروستكردووە.
لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات كە بەشێكی ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا و بەشێكی پارێزگاری دێرەزووریان بەدەستەوەیە، ماوەی چەند رۆژێكە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.