لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیەی سعوودیە، شەرع باسی لە پێشهاتەکانی وڵاتەکە، شیرازەی دەستوور و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرد.
ئەحمەد شەرع باسی لەوە کرد کە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا کۆدەکاتەوە و، ڕایگەیاند: لەم کۆنفرانسەدا دەرفەتی بەشداری بە هەموو بەشەکان دەدەین. باس لە پرسی سووریا دەکەین. پەسەند کردنی ئەو بڕیارە گرنگ و هەستیارانەی لە قۆناغی ڕاگوزەردا دەدرێن جێدەهێڵین بۆ بەشداربووانی کۆنفرانسەکە.
شەرع تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لە کاتێکی نزیکدا هاوشێوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە ئیدلب پێشکەشیان کردووە دەگوازنەوە بۆ تەواوی وڵات و گوتی: هیوادارین سووریا نەک هاوشێوەی ئیدلب، بەڵکو وەک وڵاتانی پێشکەوتووی لێبێت. لە یەک ساڵدا گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوو دەدات.
ئەحمەد شەرع ئەوەیشی خستەڕوو کە لە ئیدارەدانی وڵاتدا ئەوانە بەشداردەبن کە شایستە و شارەزان، هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا سەدان ساڵە بەیەکەوە دەژین و، گوتی: ئەو دەستوورەی وڵات بەڕێوە دەبات، دیاری دەکرێت.
سەبارەت بە ڕژێمی ڕووخاو، شەرع ڕایگەیاند: ڕژێم دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی دروست کرد. پێویستە دوور بکەوینەوە لە تۆڵەسەندەوە. پێویستە ژیرانە و بە ئارامی چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە. هەندێک ناو هەن ئەوانە تاوانیان ئەنجامداوە، دوایان دەکەوین و دەستگیریان دەکەین و سزای خۆیان وەردەگرن.
گوتیشی: (لەسەردەمی ڕژێمدا) دیمەشق کە پایتەختی شارستانیەتە ببووە کارگەی بەرهەمهێنانی زۆرترین کاپتاگۆن لە جیهاندا.
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هەیئەی تەحریر شام، شەرع ڕایگەیاند: بەدڵنیاییەوە هەیئەی تەحریر شام هەڵدەوەشێتەوە، وڵات بە لۆژیکی شۆڕشگێڕ و گرووپەکان بەڕێوەنابرێت. پێموایە لە کۆنفرانسەکەدا هەڵدەوەشێتەوە. بە فەڕمی ڕادەگەیەندرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی نیشتمانیی هێزە شۆڕشگێڕەکان و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، شەرع ڕایگەیاند: ئەمە بە واتای ئەوە نایەت بچنەوە بۆ ماڵەوە، بەڵکو بە واتای ئەوە دێت کە بەشداری دەکەن لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی نوێی سووریادا.
سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بە تەنیا سەرکەوتن بەدەستنەهاتووە و، لە سایەی ئارامگریی و فیداکاریی گەلی سووریاوە ڕژێمیان ڕووخاندووە.
گوتیشی: بە ڕووخانی ڕژێم ئاسایشی ناوچەکە بۆ 50 ساڵ دەستەبەر بوو، ڕەنگە ئامادەکاریی و نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ لە وڵاتدا نزیکەی سێ ساڵ بخایەنێت، هەڵبژاردنەکانیش دوای نزیکەی چوار ساڵ ئەنجام بدرێن. بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە ژینگەیەکی تەندروستدا ئەنجام بدرێن پێویستە سەرژمێرییەکی گشتگیر ئەنجام بدرێت، ئەوەیش کاتی دەوێت.
هەروەها شەرع باسی لە پرسی سزاکانی سەر سووریا کرد، کە داوا لە ئەمریکا کراوە سزاکانی سەر سووریا هەڵگرێت و، سەبارەت بە دەستوەردانی ئێران لە ناوچەکەش ئومێدی خواست تاران سەرلەنوێ بەخۆیدا بچێتەوە.
سەبارەت بە ڕووسیا شەرع ڕایگەیاند: ڕووسیا سەرەڕای لەدەستدانی هاوپەیمانەکەی لە دیمەشق کە ساڵانێک بەرگریی لێکرد، بەڵام دوایین لێدوانی لەبارەی دەسەڵاتی نوێی سووریا زۆر ئەرێنی بوو.
هەر سەبارەت بە پەیوەندی ڕووسیا لەگەڵ سووریا، شەرع باسی لەوە کرد کە داوای کردووە بە شێوەیەکی شایستە وڵات جێبهێڵێت، ئاماژەی بەوەیش کرد مۆسکۆ بۆ سووریا گرنگییەکی ستراتیجی هەیە.
سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەرع ڕایگەیاند لەو ئۆپەراسیۆنەی دژ بە ڕژێم دەستیپێکرد، پابەند بوون بە بڕیاری ژمارەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان و، گوتی: گەرەنتی گەڕانەوەی ئەو کەسانە کرا کە ئاوارە و دەربەدەر بوون، هەموو دەستبەسەر کراوەکان ئازاد کران. بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەسەڵات وەرگیرا. سەرۆک هەڵهات، حکوومەت بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەسەڵاتی گرتە دەست. بەشێکی گرنگیی کرۆکی بڕیاری ژمارە 2254 جێبەجێ کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.