لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمڕۆی ئیسڕائیل بۆ سەر یەمەن، سێ كەس كوژران و 11ی دیكەش بریندار بوون.
حوسییەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویان كردەوە: بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكەی ئەمڕۆی ئیسڕائیل بۆ سەر فڕۆكەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن، 3 كەس كوژران و 11ی دیكەش بریندار بوون، هەروەها چارەنووسی 3 كەسی دیكەش تا ئێستا دیار نییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل هێرشیان كردە سەر فڕۆكەخانەی سەنعا و بەندەری حەدیدە و چەند دامەزراوەیەكی نەوت و بارەگای حوسییەكان لە یەمەن.
لەبارەی هێرشەكان، ئەفیخای ئەدرەعی گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند: فڕۆكە جەنگییەكان چەند ئامانجێكیان لە فڕۆكەخانەی سەنعا و وێستگەی وزەی حەزیر و رەئس كەنەتیب و چەند ناوچەیەك لە بەندەری حەدیدە و سەلیف بۆردومان كردووە.
راشیگەیاند: ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ بۆردومان كراون، چەك و تەقەمەنی ئێرانی بۆ حوسییەكان دەگوازرانەوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەم هێرشانەی ئیسڕائیل، وەڵامێكە بۆ هێرشە بەردەوامەكانی حوسییەكان بۆ سەر تەلئەبیب و ناوچەكانی دیكە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.