Erbil 4°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 06:11

باڵیۆزی سووریا لە ڕووسیا: پێشتر ستەمێکی مافیایی لە وڵاتەکەماندا ھەبوو

کوردستان TV
100%


باڵیۆزی سووریا لە ڕووسیا، بەشار جەعفەری ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لەسەردەمی ڕژێمی رووخاوی بەشار ئەسەد بێ سیستەم بووە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو سەردەمە، سووریا لەلایەن کەسانێکی گەندەڵ و مافیاگەراییەوە، حکومڕانی کراوە.

بەشار جەعفەری لە گوتەیەکدا کە لە بەردەم ژمارەیەک لە ڕەوەندی سووری لە بارەگای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە مۆسکۆ پێشکەش کرد، ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی سووریا بەسەر سەردەمی نادپەروەریی و ستەمکارییدا، دەبێتە مایەی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ و گەشبینی بۆ داھاتوویەکی باشتر و گەشتر لە سووریا.

گوتیشی: پشت بە خوا سبەینێ لە دوێنێ باشترە و دەبێت ئەم دروشمە سەرەکییە بکەین بە دەستپێکردنی بنیاتنانی نیشتمانێک کە خۆشگوزەرانی، خۆشەویستی و ئاشتی و دووبارە ئاوەدانکردنەوە، لەخۆبگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا: بەھۆی دروشمی ئایین بۆ خودا و نیشتمان بۆ ھەمووان، توانیومانە لە ماوەیەکی کورتدا، دەوڵەتی سووریا دابمەزرێنین.

ھەروەھا بەشار جەعفەری ڕووی قسەکانی کردە ئامادەبووان و گوتی: لەوانەیە ئێوە سەرسام بن ئەگەر بڵێم لە ھیچ قۆناغێکدا، ڕژێم لە سووریا نەبووە، چونگە ئەگەر ڕژێمێک ھەبووایە ئەوا بەرگریی لە خۆی دەکرد، بەڵام ئەوەی ھەبوو لە ساڵانی ڕابردوودا سووریا لەلایەن کەسانێکی گەندەڵ و مافیاگەراییەوە، حکومڕانی کراوە.

باڵیۆزی سووریا لە ڕووسیا داوای لە کەسانی ژیر و دانا لە سووریا کرد کە شەقامەکان ئارام بکەنەوە و ئایندەیەک بنیات بنێن بۆ ئەوەی سووریا بۆ ھەموو خەڵکی سوریا بێت و جەختی لەوەش کردووە کە گرنگە لە قۆناغی داھاتوودا لە سووریا، ھەڵەکانی پێشوو دووبارە نەکرێنەوە.

بەشار جەعفەری ھۆشداری دا لە سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزی لە سووریا و گوتی: ئێمە ئێستا ھەموومان دڵخۆشین بەو گۆڕانکارییە و نامانەوێت ھیچ گرژیی و ئاڵۆزییەک بۆ ئەو گۆڕانکارییە دروست ببێت، دەمانزانی ھەڵەیەک ڕوویداوە کە کەسانێک لێی بەرپرسن.

گوتیشی: ئەو کەسانەی کە وەک فەرمانبەر لە باڵیۆزخانە و زانکۆکان خزمەتیان کردووە بەرپرسیار نین لە ھەڵەکانی ڕژێمی پێشوو و نابێت تووڕەیی ئاراستەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت.

باڵیۆزی سووریا لە ڕووسیا سەبارەت بە ھەڵوێستەکانی پێشووی گوتی: پێشتر لەو گوتانەی کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشم کردووە، تەنھا وشەی (وڵات و نیشتمانیم) بەکارھێناوە، و ھیچ کاتێک باسی ڕژێم و دارودەستەکەی نەکردووە، چونکە ئەوەی کۆمان دەکاتەوە وڵاتەکەمانە، تەنانەت پیشتر لەسەر ئەوە لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوە تاوانبار کراوم.

باڵیۆزی سووریا لە ڕووسیا، ستایشی گفتوگۆی نیشتمانی کرد کە بەسەرپەرشتی ئیدارەی نوێی سووریا ئەنجام دەدرێت و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ کۆتایی ھێنان بە قۆناغی ڕاگوزەر، ئەوەش لە چوارچێوەی دەرکردنی بڕیارێک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی سەرجەم سووریاییەکان گونجاو بێت.

ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەم 2024، ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانی دژبەری ڕژێم شاری دیمەشقی پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسیان بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە ڕاگەیاند.

تا ئێستا سوورییەکان وەک دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەردەوامن لە ئاھەنگگێران لە سەرتاسەری وڵاتەکەیاندا.
 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.