Erbil 18°C پێنجشەممە 17 نیسان 22:01

خۆرادەستکردنی چەکدارانی رژێمی ئەسەد بە ئیدارەی نوێ بەردەوامە

کوردستان TV
100%


لەو ناوەندانەی لە دیمەشقی پایتەخت کراونەتەوە، ڕۆژانە نزیکەی هەزار و 500 کەس داواکاری پێشکەش دەکەن.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا کە 61 ساڵ وڵاتی بەڕێوەبرد، لە ناوەندەکانی دیاریکردنی ناسنامە و ئاشتەوایی کە حکوومەتی کاتیی وڵاتەکە دایمەزراندووە، سەربازان و پۆلیسی سەردەمی ڕژێم بەردەوامن لە ڕادەستکردنەوەی چەکەکانیان و تۆمارکردنی ناویان.

خاڵی وەرگرتنی سەرباز لە ناوچەی مەززە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، وەک ناوەندی ئاشتەوایی و دیاریکردنی ناسنامە بەکاردەهێندرێت کە ئیدارەی نوێی وڵاتەکە دایمەزراندووە. لە دەرەوەی ناوەندەکە ژمارەیەکی زۆر کەس چاوەڕوانن و ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە لە دوای ناو خوێندنەوە دەچنە ژوورەوە.

ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ناوەندەکە لە ڕیزدا چاوەڕێن، ئەگەر چەکیان پێبێت دایدەنێن و بەسەر ئەو وێنەیەی بەشار ئەسەددا دەڕۆن و پێی پیادا دەنێن کە لەبەردەم بیناکەدا دانراوە پاشان دەچنە ژوورەوە.

نوێنەرانی ئیدارەی نوێی سووریا لە ناو بیناکە، زانیاری لە بارەی ناسنامەی کەسەکان دەنووسن، لەگەڵ شوێنی ژیان و ئەو ئەرکەی لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاودا هەیانبووە. بەو نووسراوەی پێیان دەدرێت وێنەیەک دەگرن.

ئەو کەسانەی ناویان تۆمار کردووە بۆ ماوەی سێ مانگ ناسنامەی نوێیان پێدەدرێت کە دەتوانن بەهۆیەوە بە وڵاتدا بگەڕێن.

وەلید عەبد ڕەبه کە پلەی ئەفسەرە و بەرپرسی ناوەندەکانی دیاریکردنی ناسنامە و ئاشتەواییە کە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی کاتیی سووریا لە دیمەشق کردوویەتیەوە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ناوەندانە بۆ ئەو مەبەستە کراونەتەوە سەربازان و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمە ڕووخاوەکەی ئەسەد خۆیان بناسێنن و، ئەو چەک و ئۆتۆمبێلانەی لایانە ڕادەستی بکەنەوە.

عەبد ڕەبه باسی لەوە کرد کە تەنیا سەرباز و پۆلیس سەردانیان ناکەن، بەڵکو ئەو هێزانەشی لای خەڵک بە شەبەح ناسرابوون سەردانی ناوەندەکانیان کردووە و، ڕایگەیاند: "دێنە ئێرە و چەکەکانیان ڕادەست دەکەنەوە، پاشان کارتێکیان بۆ ماوەی سێ مانگ پێدەدەین. دەتوانن لەم ماوەیەدا ئەم کارتە وەک ناسنامە بەکاربهێنن".

هەروەها عەبد ڕەبه باسی لەوەیش کرد کە تا ئێستا ڕۆژانە نزیکەی هەزار و 200 بۆ هەزار و 500 کەس داواکاری پێشکەش بە هەر ناوەندێک دەکەن و، گوتی: هێزەکانی ڕژێم و ئەوانەی لێرە کاریان کردووە ئەگەر لە تاوانەوە تێوەنەگلابن ئەوا دەتوانن بەتێپەڕبوونی کات بگەڕێنەوە سەر کار و ژیانی ئاسایی. ئەوانەی دێنە ئێرە ڕۆڵەی گەلی سووریان. ڕژێم ئەوانی بەلاڕێدا برد. هەندێک لەم کەسانە چەکەکانیان دژ بە گەل بەکارهێنا، ڕژێم دەسەڵاتی بێسنووری پێدان. ئەمە لەسەرو یاساوە بوو نەدەتوانرا لێیان بپرسرێتەوە.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.