سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم دۆخی ئێستای ناوچەکە و سووریایان تاوتوێ کرد
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانێک گەیشتووەتە عەممانی پایتەختی ئوردن و لە میانیدا چاوی بە شای ئەو وڵاتە، عەبدوڵڵای دووەم کەوتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، دۆخی ئێستای ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کراوە و لەبارەیەوە ھەردوولا جەختیان لەسەر کاری ھاوبەش کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دیدارەکەدا، جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی پتەوترکردنی ھەماھەنگییەکانی نێوان عێراق و ئوردن لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی و ڕایانگەیاندووە کە گرنگە ھەوڵەکان بەردەوامبن بۆ رێگریی کردن لە فراوانبوونی ململانێیەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە میانی دیدارەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لە سەر گرنگی پاڵپشتیکردن لە گەلی سووریا، ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئازادی سەرجەم سوورییەکان، ھەروەھا پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی و ڕایگەیاندووە کە پێویستە لەم دۆخە سەختەدا، پاڵپشتی لە بژاردەی گەلی سووریا بکرێت بە ئاراستەی بنیاتنانی سووریایەکی سەقامگیر و گەشەسەندوو کە بەشداریکردنی سەرجەم پێکھاتەکانی لە بەڕێوەبردنی کاروباری ئەو وڵاتەدا دەستەبەر بکات.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر چڕتکردنەوەی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی وەستاندنی شهڕی کەرتی غەززە و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی و تەندروستیی زیاتر بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە، بە پێویستیان زانیوە کە ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ درێژەدان بە ئاگربەست لە لوبنان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.