Erbil 6°C پێنجشەممە 12 کانونی یەکەم 02:47

سوودانی: ئامادەین لە قۆناغی ڕاگوزەردا یارمەتی سووریا بدەین

100%

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە ڕێز لە بژاردەی ئازادانەی گەلی سووریا دەگرن و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامادەن لە قۆناغی ڕاگوزەردا، یارمەتی سووریا بدەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، جەنەراڵ مایکڵ کوریللا.

ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، ھاریکاریی و ھەماھەنگییەکانی نێوان عێراق و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق ئەندامێکی سەرەکی ئەو ھاوپەیمانێتییەیە و پابەندە بە ھاریکاریەکانی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت.

باسی لەوەش کردووە کە لە بەرامبەردا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، جەنەراڵ مایکڵ کوریللا جەختی کردووەتەوە لە پابەندبوونی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ پاڵشتیکردنی عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەروەرییەکەی لە بەرامبەر ھەر ھەڕەشەیەکی تیرۆریستیدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سووریا و کاردانەوەکانی لەسەر ناوچەکە و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە بژاردەی ئازادانەی گەلی سووریا و ڕایگەیاند کە عێراق ئامادەیە لە قۆناغی ڕاگوزەردا، یارمەتی سووریا بدات.

ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ھەروەھا ئاماژەی بە پێویستی پاراستنی ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەلامەتی گەلەکەی و ئەو فرەچەشنییە نەتەوەیی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەی کردوو، کە بەدەستی دەھێنێت و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێگریی بکرێت لە ھەر ھێرشێک، ئەگەر بکرێتە سەر پێکھاتەکانی گەلی سووریا.

ئاماژەی بەوەشداوە کە محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق بەردەوام دەبێت لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دراوسێدا بۆ ھاوکاریکردنی سوورییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.