رادیۆی سوپای ئیسڕائیل ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی كردەوە كە توانیویانە 80%ی توانا سەربازییەكانی رژێمی بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا لەناو ببەن.
رادیۆكە بڵاوی كردەوە: سوپای ئیسڕائیل كۆتایی بە ئۆپڕاسیۆنە سەرەكییەكانی لەنێو خاكی سووریا هێنا و 70% بۆ 80%ی توانا سەربازییەكانی رژێمی بەشار ئەسەد لەناوبران.
بڵاویشی كردەوە: لە دوێنێوە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل 350 هێرشی جیاوازیان لەنێوان دیمەشق و تەرتووس ئەنجامداوە، لە ئەنجامی هێرشەكانیش دەیان فڕۆكە و سیستەمی بەرگری ئاسمانی و كۆگای چەك و تەقەمەنی لەناوبراون.
هەروەها بڵاوی كردەوە: بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئەو ناوچانەی كە لەنێو خاكی سووریا كەوتوونەتە ژێر دەستی سوپای ئیسڕائیل لە بەرزاییەكانی جۆلان و شوێنەكانی دیكە.
دوای كەوتنی دیمەشق و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن گرووپە چەكدارەكان، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل رۆژی یەكشەممەی رابردوو هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ساڵی 1974ی نێوان سووریا و ئیسڕائیل تایبەت بە بەرزاییەكانی جۆلان راگەیاند.
نەتانیاهۆ جەختی كردەوە كە سوپای ئیسڕائیل دەستی بەسەر ناوچەكانی دەوروبەری بەرزاییەكانی جۆلان لە باشووری رۆژئاوای سووریادا گرتووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.