بەشار ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا لە ساڵانی رابردوو بەشێوەی نهێنی سەروەت و سامانێكی زۆری بۆ مۆسكۆی پایتەختی رووسیا گواستۆتەوە و هەروەها 18 شوقەی گرانبەهای لە ناوەڕاستی ئەم شارە كڕیوە.
سەرلەبەیانی دوێنێ یەكشەممە بەشار ئەسەد بۆ دوایین جار دیمەشقی پایتەختی سووریا جێهێشت و گرووپە چەكدارەكان سەركەوتنی شۆڕشیان راگەیاند، دواتر كۆشكی كرملین ئاشكرای كرد كە ئەسەد و ئەندامانی خێزانەكەی گەیشتوونەتە مۆسكۆ و مافی پەنابەرییان پێدراوە.
رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی سووریا، بەشار ئەسەد بڕی 2 ملیار دۆلاری رەوانەی دەرەوەی وڵات كردبوو و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە لە هیچ هەژمارێكی بانكی تۆمار نەكراوە و دیار نییە.
بڵاویشی كردەوە: ئەسەد و خێزانەكەی هەروەها 18 شوقەی گرانبەهایان لە ناوەڕاستی مۆسكۆ كڕیبوو كە بەهاكەیان بە زیاتر لە 30 ملیۆن پاوەن دەخەملێنرێت.
ئاماژەی بەوەش دا كە بەشار ئەسەد و خێزانەكەی پەیوەندییەكی دۆستایەتی فراوانیان لە مۆسكۆ هەیە، بەتایبەت حافزی كوڕە گەورەی كە تا ئێستا قوتابی دكتۆرایە لە زانكۆی مۆسكۆی حكوومی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.