سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەریی سوننە لە عێراق، خەمیس خەنجەر ڕایگەیاند کە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆری تاوانکار لە سووریا کۆتایی ھات.
خەمیس خەنجەر لە پەیامەێکدا ھەڵوێستی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە ڕووخانی دەسەڵاتی ڕژێمی سووریا، بەشار ئەسەد لەلایەن گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی ڕژێم.
سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەریی ڕایگەیاندووە: سوورییەکان یەکێک لە گەورەترین چیرۆکی تێکۆشانیان نووسییەوە، بۆ بەدیھێنانی ئازادی، شکۆمەندی و دادپەروەری کە بە درێژایی 50 ساڵە لەو پێناوەدا قوربانیان داوە.
خەمیس خەنجەر، داوای لە سەرجەم وڵاتان کردووە کە ڕێز لە بژارەی گەلی سووریا بگرن لە مافی چارەی خۆنووسین، نووسینەوەی ئایندەیان و دەست لە کاروباریان وەرنەدەن.
ھەروەھا خەمیس خەنجەر ڕایگەیاندووە: سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆری تاوانکار لە سووریا کۆتایی ھات، ئومێد دەکەین ئەمە سەرەتای سەردەمێکی نوێی بێت بەرەو دەوڵەتێک کە بەبێ پەراوێزخستن و جیاکاریی، باوەڕی بە ھاووڵاتیبوون، ئازادییەکان، بەھاکانی دیموکراتی، دادپەروەریی و مافەکانی مرۆڤ ھەبێت.
خەمیس خەنجەر لە کۆتایی پەیامەکەدا بە بۆنەی ڕووخانی دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی سووریا کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.