شاعیر رۆستم خامۆش: ئیشكردنم له دنیای منداڵان، واتا گه‌ل و نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌م خۆشده‌وێن
نووسه‌ر و شاعیری بواری منداڵان ڕۆسته‌م جه‌لیل ئیبراهیم مه‌حمود ناسراو به( ڕۆسته‌م خامۆش)یه كێكه له‌و شاعیرانانه‌ی كه خزمه‌تێكی زۆری بواری ئه‌ده‌بی منداڵان كردوه هه‌رچه‌نده خامۆش له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی له ساڵی 1996 به شیعرنووسین به‌گشتی دهستپێكرده ،به‌ڵام له ساڵی 2000دا خۆی یه‌ك لایی كردوه به‌نووسین له شیعری منداڵان..خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی شیعرییه له‌و بواره‌دا هه‌ندێك له شیعره‌كانی له‌نێو میتۆدی نێوقوتابخانهكان ده‌خوێندرێن.. ئێمه‌ش به‌چه‌ند پرسیارێك له نزیكه‌وه به‌سه‌ر كردوه..
هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
*سه‌ره‌تا پێمان باشه، باس له‌چۆنیه‌تی ئاشنا بوونت به ئه‌ده‌بی منداڵان بكه‌یت و چۆن بوو ئاوڕت له‌و بواره دایه‌وه؟
- به‌ر له‌وه‌ی شیعر بۆ منداڵان بنووسم، شیعرم بۆ گه‌وره‌ساڵان ده‌نووسی، له ساڵی (١٩٩٦)دا، له ته‌مه‌نی (١٦) ساڵیدا، ده‌ستم به شیعر نووسین كرد و هه‌ستم به بوونی ئه‌و به‌هره‌یه كرد، به‌ڵام دواتر له ساڵی (٢٠٠٠)دا ده‌ستم به نووسینی شیعر بۆ منداڵان كرد و یه‌كه‌م شیعرم به ناوی (باڵنده‌یه‌كی به‌ندكراو) بوو، واته: له ساڵی (٢٠٠٠)دا نووسیم، به‌ڵام دره‌نگ بڵاوم كرده‌وه. دوای (١٣) ساڵ، له ساڵی (٢٠١٣)دا له ژماره (٢١٣)ی گۆڤاری جگه‌رگۆشه‌كان بڵاوكرایه‌وه.
ڕه‌نگه ئه‌م خاڵانه هۆكاری ئاشنا بوونی من بن بۆ ئاوڕدانه‌وه‌م له شیعر و ئه‌ده‌بی منداڵان.
1- خۆشه‌ویستییه‌كی زۆرم بۆ منداڵ، وای كرد شیعر بۆ منداڵان بنووسم و له ڕێی قهڵهمهكهمهوه خزمه‌ت به ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كورد بكه‌م.
2-ئاوڕدانه‌وه‌م له ئه‌ده‌بی منداڵان، واته: ڕوانینم بۆ داهاتووی گه‌شی منداڵان هه‌یه.
3- نووسین بۆ منداڵان، نیشانه‌ی دڵ پڕ ئومێدیی منه بۆ جوانتر كردنی ژیانی منداڵان له ڕێی ئه‌ده‌بیاته‌وه
4-په‌روه‌رده و دڵخۆشكردنی منداڵان له ڕێی شیعری تایبه‌ت به خۆیانه‌وه، خزمه‌تێكه و شانازیی پێوه ده‌كه‌م.
5-ئیشكردنم له دنیای منداڵان، واتا: گه‌ل و نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌م خۆشده‌وێن.
*پێمان خۆشه یه‌كه‌م شیعرت كه بۆ منداڵانت نووسیوه، بیخه‌یته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران؟
- به خۆشحاڵیه‌وه، منیش پێم خۆشه خوێنه‌رانی ئه‌م دیمانه‌یه، یه‌كه‌م شیعرم بخوێننه‌وه، كه له ساڵی (٢٠٠٠) دا بۆ منداڵانم نووسیوه.
(باڵنده‌یه‌كی به‌ندكراو)
ئــه‌و بـاڵـنــدهی بـهنـدكـراوه
مــافـــی ژیـنـی لـێ خـوراوه
هــه‌مـــوو سـاتـێ دهنـاڵێنـێ
بۆ سه‌ربه‌ستی ده‌جریوێنێ
ده‌ڵـێ: ئێـســتـا نـیـگــهرانــم
دوور له ئـاشنا و گوڵستانم
بــه ئـــاواتــم، كـــه بێـمــهوه
لــه ســـه‌ر چـڵـدا بنیشـمـهوه
بــه ســۆزهوه لــه نـاخـی دڵ
تێر بخوێنـم بـۆ جوانـی گوڵ
خـۆشـــه فـڕیــن بــه ئــازادی
هــه‌رده‌م بــژی بـه دڵـشـادی.
*چیرۆكی نازناوی (خامۆش) بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
- وه‌ك ده‌زانین شاعیرانی كورد، له سه‌رده‌می كلاسیك و نوێ، یان ناوی خۆیان گۆڕیوه و ناوێكی دیكه‌یان بۆ خۆیان داناوه، یان نازناوێكیان له‌گه‌ڵ ناوه‌كه‌یان داناوه. منیش پێم خۆش‌بوو نازناوێك بۆ خۆم دابنێم، بۆیه له ساڵی (٢٠٠٠)وه نازناوی (خامۆش)م بۆ خۆم هه‌ڵبژاردووه و به‌ناوی "ڕۆسته‌م خامۆش" به‌رهه‌مه‌كانم بڵاو ده‌كه‌مه‌وه. ڕه‌نگه وشه‌ی (خامۆش) زۆر واتای هه‌بێ، به‌ڵام من به‌و واتایه وه‌رمگرت، كه وشه‌ی خامۆش، واتا: (بێده‌نگ، هێمن، ئارام، كپ).
*چۆن پێناسه‌ی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان ده‌كه‌یت؟
- ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێ بتوانرێ پێناسه‌ی شیعر و ئه‌ده‌بی منداڵان بكرێ، چونكه ئه‌ده‌ب، به‌هره و ئه‌زموونه، وه به‌رهه‌می بیركردنه‌وه و هزر و خه‌یاڵی كه‌سی شاعیره، بۆیه پێم وایه تا ئێستا چه‌ندان پێناسه بۆ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان كراوه، هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی پێناسه‌كان به‌شێك له ڕاستییان تێدایه، بۆیه من، یه‌كێ له‌و پێناسانه‌م به‌دڵه و پێم وایه ڕاسته، ئه‌ویش پێناسه‌كه‌ی «ماریا نیكۆڵا»یه، كه ده‌ڵێت: ((ئه‌ده‌بی منداڵان، ئه‌و ئه‌ده‌به‌یه كه له‌لایه‌ن كه‌سانی شاره‌زای جیهانی منداڵانه‌وه نووسراوه و به‌رهه‌مهێنراوه و بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه خوێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی منداڵانن)).
یان ده‌توانین بڵێین هه‌موو ئه‌و ده‌قانه‌ی، وه‌ك: (شیعر، چیرۆك، ئۆپه‌رێت، شانۆ و ڕۆمان)، كه به زمانی ساده و ئاسانی منداڵان نووسراون، ده‌چنه نێو بازنه‌ی ئه‌ده‌بیاتی منداڵانه‌وه، دیاره هه‌موو ژانره‌كان مه‌رج و تایبه‌تمه‌ندییان ئه‌وه‌یه كه به زمانی منداڵ نووسرا بن، بێگومان شاعیر و نووسه‌ری شاره‌زای ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌زانێ چیی و چۆن بۆ منداڵان بنووسێ، بۆیه ئه‌ده‌بی منداڵان بریتییه له‌و نووسینانه‌ی، كه به پێی زمان و تێگه‌یشتن و ته‌مه‌ن و لایه‌نی ده‌روونزانیی منداڵان ده‌نووسرێن.
*مێژووی ئه‌ده‌بی منداڵان له كوردستان بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و نووسه‌رانه كامه‌ن كه بهپێشڕهوانی ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌ناسرێن؟
- ئه‌وه‌ی تا ئێستا دیاره و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌وه كراوه و ساغ كراوهتهو، كه شیعری به شێوه‌ی فه‌رهه‌نگ بۆ منداڵان نووسیوه و ئاوڕی له زارۆ‌كان داوه‌ته‌وه، شاعیری ناسراو "ئه‌حمه‌دی خانی" (١٦٥٠–١٧٠٧)، وه‌ك یه‌كه‌م شاعیری كورد، ئه‌ژمار ده‌كرێ، كه ئه‌ویش فه‌رهه‌نگی «نووبهارا بچووكان»ـه و به‌رهه‌می ساڵی (١٦٨٣)ی زایینیه و به شیعر بۆ فه‌قێ و قوتابیانی كوردی نووسیوه و مه‌به‌ستی بووه فێری زمانی عه‌ره‌بییان بكات، كه بێگومان بۆ ئه‌و كات پێویست و گرنگ بووه، كه "ئه‌حمه‌دی خانی" بیری له منداڵ كردووه‌ته‌وه و شیعری بۆ نووسیون.
دواتر "شێخ مارفی نۆدێ" (١٧٥٣ - ١٨٣٨) هه‌ر له‌سه‌ر شێوازی (نووبهارا بچووكان)، له ساڵی (١٧٩٥) كتێبی فه‌رهه‌نگی (ئه‌حمه‌دی) داناوه، كه بۆ (كاك ئه‌حمه‌دی شێخ)ی كوڕی نووسیوه، كه ته‌مه‌نی (٣) ساڵان بووه، به‌مه‌به‌ستی فێركردنی زمانی عه‌ره‌بی، دواتر ئه‌و فه‌رهه‌نگه له ساڵی (١٩٢٦) له چاپخانه‌ی (زاری كرمانجی) له ڕه‌واندز چاپكراوه.
یه‌كێكی دیكه له‌و شاعیرانه‌ی، كه ئاوڕی له شیعری منداڵان داوه‌ته‌وه، «مه‌لا خدری ڕواری»یه. كه له (سه‌ده‌ی هه‌ژده ژیاوه)، ((مه‌لا خدری ڕواری، نامیلكه‌ی (ڕۆڵه بزانی)به شیعر داناوه و به دیالێكتی (هه‌ورامی)نووسیویه‌تی.
وه‌ك "سدیق بۆره‌كه‌یی"، ده‌ڵێ: وا دیاره بۆ كوڕه‌كه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه و له قاڵبێكی ڕێك و پێك و له ئه‌وپه‌ڕی ساده‌یی و ڕه‌وانیدا دایناوه و به چه‌شنێكی جوان، مه‌به‌سته‌كانی له چوارچێوه‌ی هۆنراوه‌دا جێكردووه‌ته‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی ناڕێكییان تیا هه‌بێ
.((مه‌لاكانی كوردهواری (ڕۆڵه بزانی)یان فێری منداڵ و قوتابیانی خۆیان ده‌كرد))
هه‌روه‌ها كه‌سانی دیكه‌ش هه‌بوون كه كتێبی فه‌رهه‌نگ و فێركارییان نووسیوه، وه‌ك «عه‌لی ته‌ره‌ماخی» كتێبێكی نووسیوه به‌ناوی (ده‌ستوری زمانی عه‌ره‌بی به كوردی). ((ئه‌م كتێبه له‌لایه‌ن دكتۆر مارف خه‌زنه‌داره‌وه ساغكراوه‌ته‌وه و پێشه‌كی بۆ نووسراوه، له ساڵی ١٩٧١ له به‌غدا چاپكراوه)).
مامۆستا مه‌لا «عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس»یش كێبێكی فه‌رهه‌نگی داناوه به ناوی (دوو ڕشته)، له ساڵی ١٩٧٠ له به‌غدا چاپكراوه.
دوای فه‌رهه‌نگ نووسین چه‌ند شاعیرێكی دیكه هاتنه مه‌یدان و كۆمه‌ڵێك شیعری جیاواز و هه‌مه جۆریان بۆ منداڵان نووسی، دیارترینیان (زێوه‌ر، بێكه‌س و گۆران) بوون، دواتر هه‌ندێ شاعیری دیكه‌ش خزمه‌تی ئه‌و بواره‌یان كرد و شیعری منداڵان له باشووری كوردستان هه‌نگاوێكی باش چووه پێش، ئه‌و شاعیرانه‌ش ئه‌مانه بوون: (مه‌دحه‌ت بێخه‌و، ع.ع. شه‌ونم، عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی، كاكه‌ی فه‌لاح، فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین، عه‌زیز مه‌لای ڕه‌ش، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)، وه شاعیری دیكه‌ش هه‌بوون، به‌ڵام ئه‌وانه ناسراو و دیارترن، كه توانیویانه خزمه‌تێك به ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد بكه‌ن، ده‌كرێ بڵێین به هه‌وڵ و تێكۆشان و خه‌مخۆری و دڵسۆزیی هه‌موو شاعیران و نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی منداڵان، ئه‌و بواره به‌ره‌وپێشتر چوو.
* تایبه‌تمه‌ندیی شیعری منداڵان چییه؟
- به‌ڕای خۆم و به دید و بۆچوونی شاره‌زایانی ئه‌ده‌بی منداڵان، به تایبه‌تی ژانری شیعر، كه ئاماژه‌یان پێكردووه و ده‌ڵێن: تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری منداڵان، پێویسته ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدابێ، كه بریتین له:
1- شیعره‌كه به زمانێكی زۆر ساده و ساكار نووسرا بێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زمانی منداڵی پێوه دیار بێت.
2- هه‌تا بكرێ ڕه‌گه‌زی خه‌یاڵی تێدا بێت، چونكه خه‌یاڵ بیركردنه‌وه‌ی منداڵ به‌هێز ده‌كات.
3-له شیعری منداڵان نابێ وشه‌ی قورس و ئاڵۆز و هێمای تێدا بێت، چونكه ده‌بێ تێكستی منداڵان نزیك بێ له هزر و تێگه‌یشتنی خودی خۆیان، كه‌واته ده‌بێ شاعیر ته‌واو شاره‌زا بێ له زمانی منداڵ
4- پێویسته ده‌قه‌كه له دونیای منداڵه‌وه هه‌ڵقوڵا بێت و ناكرێ و نابێ داخوازیی گه‌وره‌ساڵانی تێدا تێكه‌ڵ بكرێ.
5- منداڵ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی خۆی تێدا بدۆزێته‌وه و له كاتی خوێندنه‌وه‌ی، یان گوێ لێگرتنی، دڵی پێخۆش بێت.
6- شیعره‌كه ئاسان و سه‌ر به جیهانی منداڵ بێت، واته منداڵ هه‌ر زوو له شیعره‌كه تێبگات.
7- په‌یڤه‌كانی ناسك و جوان و مۆسیقی بن، واته شاعیر به لێزانیی و زیره‌كییه‌وه وشه‌كان له شوێنی پێویستدا جێ بكاته‌وه و بزانێ له كوێیان داده‌نێ .
8- ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه هه‌ڵگری په‌یامێك بێ و مانادار و واتای هه‌بێ و زانیاری به‌خش بێت .
9- شیعره‌كه سوودبه‌خش بێ، یان منداڵ هانبدات بۆ بیركردنه‌وه و داهێنان، یاخود لایه‌نی گه‌شبینی و ئومێد و هیوا بۆ سه‌ركه‌وتن له ژیان، به‌شێكی سه‌ره‌كیی بێ له نێو ده‌قه شیعری منداڵان.
11- شیعری منداڵان، ده‌بێ بڕگه‌كانی كورت بن، بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی خوێندنه‌وه‌دا منداڵ ماندوو نه‌كات و به ئاسانی و به ئاوازه‌وه بیخوێنێته‌وه و ئه‌گه‌ر ویستی زوو ئه‌زبه‌ری بكات.
* چۆن ده‌ڕوانیته شیعر له كتێبی پڕۆگرامی خوێندن، ئایا تۆ شیعرت له پڕۆگرامی خوێندندا هه‌یه؟
- هه‌بوونی شیعر، وه‌كو وانه‌یه‌ك له كتێبی پڕۆگرامی خوێندندا، زۆر گرنگه و جێی بایه‌خه، هه‌موومان زۆربه‌ی ئه‌و وانانه‌ی كه شیعر بوون، هێشتا له یادگه‌مان ماون، كه‌واته وانه‌ی شیعر زۆر پێویست و گرنگه بۆ په‌روه‌رده و فێركردن، دیاره پێشتر كۆمه‌ڵێك شیعر دانراون و ده‌خوێندران، هه‌ندێ شیعر ته‌واو سه‌ر به ئه‌ده‌بی منداڵان بوون، وه هه‌ندێكی دیكه‌شیان په‌یوه‌ندییان به ئه‌ده‌بی منداڵانه‌وه نه‌بووه و بۆ په‌روه‌رده و فێركردن سوودیان نه‌بووه، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه ده‌ستكراوه به گۆڕانكاریی، كه كۆمه‌ڵێك شیعری نوێیان داناوه و به‌شێك له‌و شیعرانه‌ی پێشتر لابراون، به‌ڵام له‌و شیعره نوێیانه‌ی كه دانراون، زیاتر له‌باره‌ی پێكه‌وه‌ژیان و مرۆڤدۆستی و هه‌ستی نیشتمانیی و ژینگه‌ن، یان ئه‌و جۆره شیعرانه‌ن كه له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی سه‌رده‌م گونجاون .
به‌ڵێ شیعرێكم كه به زاراوه‌ی كرمانجی سه‌روو (بادینی) نووسیومه، وه‌كو وانه له كتێبی خوێندنی كوردی - قۆناغی بنه‌ڕه‌تی - پۆلی دووه‌م - وه‌رزی یه‌كه‌م ده‌خوێندرێ .
پێم خۆشه شیعره‌كه بخه‌مه به‌ر چاوی خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست.
(وارێ مه)
وارێ مـه گه‌له‌ك جوانه
نـاڤـێ وێ كـوردسـتـانـه
وارێ مــه جــهــێ ژیـنـه
قه‌شـه‌نگ و پـڕ ئـهڤـیـنـه
وارێ مــه بـــاخێ گـــولا
خــۆشــتــهڤـــی لبــهر دلا
وارێ مــه زۆر شیریـنـه
هــهمـــی دهمــا ڕهنـگیـنـه.
*نووسین بۆ منداڵانی كوردستان، ده‌كرێ تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بێ، یان له هه‌موو وڵاته‌كان وه‌كو یه‌كن؟
- كه ده‌گوترێ منداڵ، له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه بن، پێویسته ماف و په‌روه‌رده كردنیان به یه‌كسانی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێ، كار بكرێ بۆ به‌خته‌وه‌ریی و دڵخۆش بوونیان. له نووسینیشدا ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌نووسرێ، واچاكه ڕه‌چاوی ئه‌وه بكرێ كه ئه‌و ده‌قه بۆ هه‌موو منداڵانی دنیا نووسراوه، چونكه ئه‌ده‌ب و په‌روه‌رده و ماف و دڵخۆشكردنی منداڵ بووه به مه‌به‌ست و ئامانجی نووسین، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین، چونكه گه‌وره‌كان بۆ منداڵان ده‌نووسن، بێگومان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاین و كه‌لتوور و شارستانیه‌ت و جوگرافیای ئه‌و وڵاته‌ی پێوه دیار ده‌بێ، بێگومان بۆ ئێمه‌ی كوردیش هه‌ر ڕاسته، چونكه ئاین و كه‌لتووری خۆمان هه‌یه، بۆیه نووسینی هه‌ندێ زمانی نه‌ته‌وه‌ی دیكه، ڕه‌نگه سوودی بۆ منداڵی كورد نه‌بێ .
به‌ڵام باشترین و جوانترین نووسین بۆ منداڵان، پێویسته خاڵی هاوبه‌شی تێدابێ، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته نووسینێكی جیهانیی بۆ منداڵان.
* پێت وایه له ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد، ده‌قی جوان و نوێ هه‌بن، كه بگه‌نه ئاستی تێكستی جیهانی؟
- كه سه‌یری مێژووی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد ده‌كه‌ین، كۆمه‌ڵێك ده‌قی جوان ده‌كه‌ونه پێش چاو، به‌ڵام زۆر له‌وه زیاتر ده‌قی كرچ و كاڵ و دوور له خه‌یاڵ و زمانی منداڵ بڵاوكراونه‌ته‌وه، وه هه‌ندێ ده‌قی سواو و جوینه‌وه‌ی پێش و خۆیان و هاوسهردهمهكهشیان ڕێژه‌كه‌ی به‌رزه، به‌ڵام جێی ئومێده كه ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد له سایه‌ی چه‌ند قه‌ڵه‌مێكی دڵسۆز و هه‌ندێ كه‌سی شاره‌زای ئه‌و بواره، ڕووه‌و لوتكه هه‌نگاو بنێ، به‌ڵێ كۆمه‌ڵێك شیعری جوان و ناسك و نوێ بۆ منداڵان نووسراون و بڵاوكراونه‌ته‌وه، كه له ئاستێكی به‌رزی ئه‌ده‌بیدان، ده‌كرێ ببێته جێی دڵخۆشی و شانازیی بۆ شاعیر و نووسه‌ران و دڵسۆزانی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد .
* بوونی ئه‌و ته‌كنه‌لۆژیایه‌ی سه‌رده‌م وه‌كو ئایپاد و مۆبایل... تاچه‌ند كاریگه‌ریی ئه‌رێنی و نه‌رێنی له‌سه‌ر منداڵ هه‌بووه؟
- كاتێك سه‌یری ته‌كنه‌لۆژیا و ئامێره زیره‌كه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌بینین زانست و پێشكه‌وتن زۆر خێرایه و هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و لوتكه ده‌چن، كه جێی دڵخۆشی و خۆشحاڵی مرۆڤایه‌تییه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه لایه‌نی چاك و خراپی هه‌یه، بۆیه پێویسته ژیرانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێ، به تایبه‌تی توێژی منداڵان پێویسته زۆر به وریاییه‌وه به كاری بهێنن، وا چاكه له ژێرچاودێری دایك و باوكدا به كاری بهێنن و لایه‌نی چاكه و خراپه‌ی ته‌كنه‌لۆژیایان بۆ ڕوونبكرێته‌وه، به هۆی ئامێره زیره‌كه‌كان و تۆڕی به‌رفراوانی ئینته‌رنێت، تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش زۆرن و هێشتا هه‌ر زیاتریش ده‌بن، وه‌ك ده‌بینین گه‌وره و بچووك به‌كاری دێنن، به‌ڵام بۆ منداڵان پێویسته سنووردار بێت و كه‌متر به كاری بێنن، چونكه ئه‌زموونی ژیانیان كه‌متره و له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه ته‌واو پێنه‌گه‌یشتوون، وه له ڕووی ته‌ندرووستیشه‌وه زیانی هه‌یه، وه‌ك ده‌ركه‌وتووه ئه‌و منداڵانه‌ی زۆر هۆگری ئامێره زیره‌كه‌كان و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، زیان به چاویان گه‌یشتووه، بۆیه وا باشتره كه ئه‌وه‌نده پێیه‌وه سه‌رقاڵ نه‌بن و دایكان و باوكان، كتێب و گۆڤاری تایبه‌ت به خۆیان بۆ دابین بكه‌ن، كه بێگومان سوودی زۆر زیاتره.
* دوا وته‌ت چییه؟
- له كۆتاییدا زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و خۆشحاڵ بووم بۆ ئه‌م به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یه، وه دڵخۆش بووم كه ئه‌ده‌بیاتی منداڵان جێی بایه‌خ و گرنگ بوو لای ئێوه، هیوادارم كاری جددی و باشتر بكرێ بۆ به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌ده‌بیاتی منداڵانی كورد، له‌گه‌ڵ سڵاو و ڕێزم بۆ خوێنه‌رانی ئازیز.
ڕۆسته‌م خامۆش، شاعیر و نووسه‌ری ئه‌ده‌بی منداڵان له چه‌ند دێرێك دا
- رۆسته‌م خامۆش له ساڵی (١٩٨٠)ی زایینی له گوندی (كانی كورده)ی سه‌ر به ناحیه‌ی ئاشتی، قه‌زای كۆیه، پارێزگای هه‌ولێر، له دایك بووه، ئێستا له شاری هه‌ولێر نیشته‌جێیه.
- له ساڵی (١٩٩٦)ی ده‌ستی به شیعر نووسین كردووه بۆ گه‌وره‌ساڵان، به‌ڵام له ساڵی (٢٠٠٠)دا زیاتر ڕووی له ئه‌ده‌بی منداڵان كردووه و یه‌كه‌م شیعری به‌ناونیشانی (باڵنده‌یه‌كی به‌ندكراو) بۆ منداڵان نووسیوه.
• تا ئێستا له چه‌ندین ڕۆژنامه و گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی كاغه‌زیی و ئه‌لیكترۆنی و ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، شیعر و بابه‌ته‌كانی بڵاوكراونه‌ته‌وه، كه بریتین، له:
(١٧ ڕۆژنامه و ٣٧ گۆڤار و ٣٧ ماڵپه‌ڕ و ٨ بڵاوكراوه‌ی كاغه‌زیی و ئه‌لیكترۆنی).
• چه‌ندان شیعری، كه بۆ گه‌وره‌ساڵان و منداڵان نووسیون، ئاوازیان بۆ دانراوه و له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه كراون به سروود و گۆرانی.
• شیعرێكی ڕۆسته‌م خامۆش به‌ناونیشانی (وارێ مه)، كه به زاراوه‌ی كرمانجی سه‌روو(بادینی) نووسیویه‌تی، له كتێبی خوێندنی كوردی- قۆناغی بنه‌ڕه‌تی- پۆلی دووه‌م- وه‌رزی یه‌كه‌م، دانراوه و ده‌خوێندرێ.
• تا ئێستا (٨) كتێبی چاپكردووه، كه بریتین له:
١- داری هیوا، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2017، هه‌ولێر.
٢- گوڵی ئاوات، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2019، هه‌ولێر.
٣- ژینگه‌ی كوردستان، شیعر بۆ منداڵان، كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردن، ساڵی 2020، هه‌ولێر.
٤- دۆستی ژینگه‌م، هۆنراوه‌ی ژینگه‌یی بۆ منداڵان، ساڵی 2021، سلێمانی.
٥- باخی ئومێد، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2021، سلێمانی.
٦- هاوڕێی پێنووس، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2021، هه‌ولێر.
٧- ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵان، چاوپێكه‌وتن له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵان، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ د. هاوژین سڵیوه، ساڵی 2022، كۆیه.
٨- دیداری ئه‌ده‌بی منداڵان، چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیی و ڕه‌خنه‌یی، به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌رێك، ساڵی 2022، سلێمانی.
• له ڕێكه‌وتی ٤ی ٩ی ٢٠٢٢، به توێژینه‌وه‌یه‌ك، به‌ناونیشانی (ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن، له ئه‌ده‌بیات و ڕۆشنبیریی منداڵاندا) به‌شداری له دیداری ئه‌ده‌بی منداڵان كردووه له شاری سلێمانی.
• له ڕێكه‌وتی ١٥ی ١٠ی ٢٠٢٢، به پێشنیار و ڕاسپارده‌یه‌كی (١٥) خاڵیی به‌شداری له یه‌كه‌مین كۆڕبه‌ندی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌ده‌بی هاچه‌رخی منداڵان كردووه له شاری سلێمانی.
• له‌پای نووسینی بۆ منداڵان به تایبه‌تیی و به گشتی، وه‌ك شاعیر و نووسه‌ر، یان وه‌ك هاوكاریكردنی گۆڤاره‌كان به نووسینه‌كانی، زیاتر له (٢٠) خه‌ڵاتی ڕێزلێنان و سوپاسنامه‌ی پێ به‌خشراوه، سێ له‌وانه بریتین له:
١- ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، ساڵی ٢٠١٨
٢- ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێمی كوردستان، ساڵی ٢٠١٩
٣- یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد - لقی سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٢
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.