Erbil 28°C یەکشەممە 20 نیسان 13:40

گرووپە چەكدارەكان گەیشتوونەتە دەوروبەری شاری حمس

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی چەكدارانی دەستەی تەحریری شام دوو شاری دیكەیان كۆنتڕۆڵ كرد و ئێستا گەیشتوونەتە دەروبەری شاری حمس.

ئەمڕۆ هەینی سەرەڕای بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی رووسیا، چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەكدارەكانی دیكە هەردوو شاری (تلبیسە و رستن)یان كۆنتڕۆڵ كرد كە دەكەونە نزیك شاری ستراتیژی حمس.

بەگوێرەی زانیارییەكانی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئێستا چەكدارانی دەستەی تەحریری شام تەنیا 5 كیلۆمەتر لە شاری حمس دوورن.

ئەوەی جێگەی گەشبینی سەرۆكایەتی دەستەی تەحریری شامە ئەوەیە كە بەشێكی زۆری چەكدارانیان خەڵكی شاری حمسن، شارەزای سەرجەم رێگا و سروشتی جوگرافیای ئەو شارەن، بۆیە گەشبینن كۆنتڕۆڵكردنی شارەكە تاڕادەیەك ئاسانتر دەبێت.

دوای چەند رۆژێك لە كۆنتڕۆڵكردنی شاری حەلەب، دوێنێ چوارشەممە چەكدارانی دەستەی تەحریری شام چوونە نێو شاری حەما و ئەو شارەشیان كۆنتڕۆڵیان كرد.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد كە سەركردایەتی دەستەی تەحریری شام سەرەتا پلانی هێرشكردنیان بۆ سەر شاری حەما دانەنابوو، بەڵام بەشێك لە فەرماندەكان پێیان باش بوو ئەو شارە كۆنتڕۆڵ بكەن ئینجا پێشڕەوی بۆ شاری حمس بكەن، چونكە گرتنی ئەم شارە دەبێتە بەرزكردنەوەی ورەی چەكدارەكانیان.

دەستەی تەحریری شام پێی وایە كۆنتڕۆڵكردنی شاری حمس بۆ ئەوان یەكلاكەرەوە دەبێت، ئەگەر بتوانن دەست بەسەر ئەم شارەدا بگرن هەموو شتێك لە سووریا كۆتایی دێت، چونكە حمس گرێ كوێرەكەیە و پایتەختی شۆڕشی سووریایە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.