لە شەوی رابردووەوە سوپای سووریا لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی شاری رەقە پاشەكشەی كردووە، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت پاشەكشەكە لە ترسی هێرشی چەكدارانی داعشە.
میدیاكانی سووریا بڵاویان كردەوە: لە شەوی رابردووەوە سوپای سووریا بەشێوەیەكی لەناكاو بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری شاری رەقەی چۆل كردووە و دەستیان بە پاشەكشە كردووە.
بەشێك لەو شوێنانەی چۆل كراون، هێزە كوردییەكان چوونەتە ناوییەوە بە مەبەستی فراوانكردنی ناوچەی بەرگری دوای ئەوەی دەنگۆی ئەگەری هێرشی چەكدارانی داعش لە ناوچەكە بڵاوبووەتەوە.
چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە هەیە چەكدارانی داعش كە ئێستا لە چەند ناوچەیەكی دەوروبەری شاری رەقە هەن، ئامادەكاری دەكەن بۆ هێرشكردنە سەر سوپای سووریا و هێزە كوردییەكانی ناوچەكە.
كشانەوەی سوپای سووریا لە رەقە لە كاتێكدایە كە درۆنەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان بە ئاسمانی شارەكە دەسوڕێنەوە و ئامادەكاری تەواو دەكرێت بۆ هێرشی لەناكاوی چەكدارانی داعش.
لە باكور و ناوەڕاستی سووریاش، چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەكدارەكانی دیكە لە هێرشبردن و كۆنتڕۆڵكردنی شارە گەورەكان بەردەوامن، دوێنێ پێنجشەممە شاری حەما بەتەواوی لە دەستی سوپای سووریا دەرهێنرا و لەلایەن گرووپە چەكدارەكان كۆنتڕۆڵ كرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.