بڕیارە سبەی هەینی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا و ئێران لە بەغدای پایتەخت كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا و بەردەوامی شەڕ و پێكدادانەكان لەنێوان سوپای سووریا و گرووپە چەكدارەكان.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە: سبەی هەینی بەسام سەباغ وەزیری دەرەوەی سووریا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەگەنە بەغدا و كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجام دەدەن.
لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی ئێستای سووریا و بەردەوامی شەڕ و پێكدادانەكان و پێشڕەوییەكانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەكدارەكان دەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەكدارەكان بەفەرمی دەستبەسەرداگرتنی شاری حەمای ستراتیژییان لە ناوەڕاستی سووریا راگەیاند.
گرووپە چەكدارەكان هەروەها لە رۆژانی رابردوودا دەستبەسەرداگرتنی هەریەك لە شارە گەورەكانی حەلەب و ئیدلیب و چەندان شار و شارۆچكەی دیكەیان راگەیاندبوو، ئامانجی داهاتووی گرووپەكە كۆنتڕۆڵكردنی شاری حومس دەبێت كە 165 كیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دوورە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.