سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆماری توركیا سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی ئێستای سووریا و شەڕ و پێكدادانەكان لەنێوان گرووپە چەكدارەكان و سوپای ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ سێشەممە پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا لەگەل رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، جەختی كردۆتەوە كە عێراق دەستەوسان نابێت لە دروستبوونی ئەم دۆخە مەترسیدارەی كە ئێستا لە سووریا دروستبووە، چونكە عێراق لە رابردوودا بەهۆی هێرشی تیرۆریستان لە سووریا زیانی گەورەی بەركەوتووە، بۆیە رێگە نادەن ئەمە دووبارە ببێتەوە.
سوودانی ئاماژەی بەوەشداوە كە عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ پاراستنی یەكپارچەیی و سەروەری خاكی سووریا بۆ فەراهمكردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق هەروەها رایگەیاندووە كە دابەشبوونی سووریا جگە لە دوژمن، سوود بە هیچ لایەنێكی دیكە ناگەیەنێت، بەتایبەتیش كە ئەو گرووپە چەكدارانە لە رابردوودا هیچ هەڵوێستێكی پشتیوانانەیان بۆ گەلی فەڵەستین نەبووە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سوودانی و ئەردۆغان جەختیان لەسەر گرینگی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و پشتگیریكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا كردۆتەوە، كە راستەوخۆ كار دەكاتە سەر ئاسایش و سەقاگیری هەردوو وڵات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.