رۆژی دووشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای زانایانی ئەزهەر کرد کە پێکهاتبوون لە دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر، و دکتۆر سەلامە داود سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر، و وائل بەخیت جێگری سەرۆکی رێکخراوی جیهانی دەرچوانی زانکۆی ئەزهەر، و ئەحمەد فەوزی بەڕێوەبەری کارووباری دەرەوە لە زانکۆی ئەزهەر.
لەو دیدارە دا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بەو سەردانەیان بۆ هەرێمی کوردستان، ستایشی ئارامیی و سەقامگیری و بوژانەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستیان کرد و بە گرنگییەوە باسیان لە تەبایی و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کرد وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی شاندی میوانی کرد و ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی مسر، هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێبدرێت بە تایبەت لە بواری ئەکادیمی و هەروەها هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ ناوەندە ئایینی و زانستییەکانی زانکۆی ئەزهەر.
مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕۆیی و پێویستیی هەماهەنگیی هەموو لایەک بۆ پاراستنی ئارامیی و سەقامگیری ناوچەکە و هەروەها دوایین گۆڕانکاریی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.