سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی و دامەزراوییە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی " El Mundo Deportivo"ی ئیسپانی ڕایگەیاندووە: ئێمە لە بەردەم قۆناغێکی باشداین، بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسپانیا لە سەرجەم بوارەکاندا.
سوودانی ئاماژەی بەوەشکردووە: ئیسپانیا بەشێکە لەو ھاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی کە یارمەتی ئێمەی داوە بۆ لەناوبردنی داعش و، لەسەر داوای ئێمە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە ماوەی دوو ساڵدا لە عێراق کۆتایی پێ دێت.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە کە ئێستا توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گەیشتووەتە ئاستێکی پێشکەوتوو، ھەروەھا ئێستا دۆخی عێراق سەقامگیرە و لەبەر ئەوە ھیچ پاساوێک بۆ بوونی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراقدا نییە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکادا کردووە و گوتوویەتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا لەچوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی دامەزراوییە و پەیوەندییمان لەگەڵ تیمی دوناڵد ترەمپ-دا ھەیە و ئەوان دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێمە بدەن.
محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی ئاگربەست لە لوبنان، دووپاتی کردووەتەوە: ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان، ڕووداوێکی گرنگ بوو، ئومێد دەکەین بەھەمانشێوە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ڕابگەیەندرێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت.
ناوبراوی ئەوەیشی گوتووە: یاساکانمان بەھیچ شێوەیەک دان بە قەوارەی زایۆنی دانانێن و لای ئێمە فەڵەستینییەکان خاوەنی پرس و خاکەکەن، ھەر فەڵەستینییەکان مافی ئەوەیان ھەیە بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی پرسەکەیان بدەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە کە ژمارەیەک کۆمپانیای ئیسپانیا لە عێراق بوونیان ھەیە کە لە کەرتی ھێڵی ئاسنین و گواستنەوە کاری وەبەرھێنان دەکەن و گوتوویەتی: ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە بەھای 200 ملیۆن تا یەک ملیار یۆرۆ لەگەڵ ئیسپانیا بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ واژوو دەکەین.
ئاماژەی بەوەشداوە کە پڕۆژەیەکی ھێڵی ئاسنین لە عێراق بە بەھای 250 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانیاوە جێبەجێ دەکرێت و ڕاشیگەیاندووە: لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانیا دەکرێت بۆ ئەوەی ھێڵێکی شەمەندەفەر لەنێوان پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا جێبەجێ بکات.
دوێنێ چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.