Erbil 8°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 00:31

وادەی گەیشتنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان

100%

دوای رەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراق، چاوەڕوان دەكرێت سبەی یان دووسبەی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە بنێردرێت و راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی بكرێت.

پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە بەغدا پێی راگەیاندین: محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا فەرمانی بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەركردووە.

راشیگەیاند: دوای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بڕی پارەی هەرسێ مانگی 10 و 11 و 12 بۆ مووچە بنێرێت و بۆ هەر مانگێك بڕی 760 ملیار دینار بنێردرێت.

هەروەها رایگەیاند: ئەو كورتهێنانەی كە بۆ مووچەی مووچەخۆران دروست دەبێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داهاتی ناوخۆ پڕی دەكاتەوە كە بۆ هەر مانگێك 236 ملیار دینارە.

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا كە لەلایەن سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە زانیاری بەدەست گەیشتووە لەم هەفتەیەدا و بە دروستی سبەی یان دووسبەی پارەی تەواوی مووچە دەگاتە هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش جەختی كردۆتەوە، هەر لەگەڵ گەیشتنی پارە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لە ماوەی چەند رۆژێكدا سەرجەم فەرمانبەران مووچەكانیان وەردەگرن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.