ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێلی یەکەمی دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس24 لە دهۆک، ڕایگەیاند، پێش ساڵی 2014، ئەوکات لەگەڵ سەرۆک وەزیران لە ئەنجوومەنی ئاسایش کارمان بۆ ئاسایشی نیشتیمانی دەکرد، ئەوکاتە زانیاریمان هەبوو کە داعش و قاعیدە لە سووریا و سنوورەکانی ئێمە زۆر چالاک بوونە، ئەو کاتەی هاتنە عێراق، بیرمە سەرۆک بارزانی نامەیەکی دایە سەرکردەکانی عێراق لە بەغدا و گوتی، ڕەوشەکە لە نەینەوا و بەغدا لە ژێر کۆنترۆڵدا نییە، بەڵام بەداخەوە نامە و ئاماژەکەیان بەجیددی وەرنەگرت.
گوتیشی: ئێمە بینیمان شار دوای شار دەکەوت و دەکەوتنە ژێر کۆنترۆڵی داعشەوە، لەوکاتەدا داعش دەیویست ناوچەکانیان فراوان بکەن، هەروەها کە سەلاحەددین و فەلوجە و ئەنباریان کۆنترۆڵ کردوو و هاتنە دەورووبەری بەغدا و پاشان ویستیان هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام سوپاس بۆ خوا، دواتر سوپاس بۆ خەڵک و پێشمەرگە و سەرکردایەتیی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و سەرۆک وەزیران کە ئەوکات کاراکتەرێکی سەرەکی بوون، لە بەرانبەر داعش وەستانەوە.
باسی لەوەش کرد، لەوکاتەدا هێزەکانی هاوپەیمانان پێک هات کە 18 وڵات هاتنە ناو هاوپەیمانییەکە، ئەو کات بە هەموومان، واتە پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان ڕووبەڕووی داعش بووینەوە، ئەوکات ئاسانیش نەبوو چونکە پێنج یەکەی سوپای عێراق کەوتبوون و چەکەکانیشیان کەوتبوونە دەستی داعش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.