سەرکۆماری پۆڵەندا، ئاندرێ دودا ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ ڕێگادان بە ئۆکراینا لەوەی ھێرش بکاتە سەر قۆڵایی ڕووسیا، ئەگەری ھەیە ڕێڕەوی جەنگ بگۆڕێت.
ئاندرێ دودا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە بەم دواییە، بەشێوەیەکی بەرچاو ھێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا زیادیان کردووە و ڕایگەیاند کە لە میانی ھێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، زیاتر ژێرخانە مەدەنییەکان کراونەتە ئامانج.
گوتیشی: بڕیارەکەی (جۆ بایدن) کە ڕێگا بە ئۆکراینا دەدات بە ئاراستەکردنی مووشەکی دوور مەودا ھێرش بکاتە سەر قۆڵایی ڕووسیا، کارێکی زۆر گرنگە.
ھەروەھا ڕاشیگەیاند، ئەگەری ھەیە بڕیارەکەی ئەمریکا ڕێڕەوی جەنگ بگۆڕێت و باسی لەوەش کرد، ئەو بڕیارەی ئەمریکا، بووەتە مایەی پتەوترکردنی ھەڵوێستی ڕۆژئاوا دژبە دەستدرێژی ڕووسیا.
گوتیشی: ئەو ھەنگاوەی جۆ بایدن، پەیامێکی ڕوونە دژبە ڕووسیا کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی ڕۆژئاوا پاڵپشتی بەھێز لە ئۆکراینا دەکەن.
ئاندرێ دودا وەک ئاماژەیەک بۆ جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا کە ھەزار ڕۆژی تێپەڕاندووە، گوتی: ئۆکراینا پێویستی بە ئامرازیی بەرگریی ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگریی لە خۆی بکات.
ڕۆژی 17ی ئەم مانگە لە میدیاکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاکرابوویەوە کە ئەمریکا ڕێگای بە ئۆکراینا داوە، لەوەی بە ئاراستەکردنی مووشەکی دوور مەودا ھێرش بکاتە سەر قۆڵایی ڕووسیا، بەڵام تا ئێستا ئەو دەنگۆیە، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.