سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی داتاکانی سەرژمێریی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت بە گرنگ لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند، داتاکانی سەرژمێریی دەبنە مایەی پاڵپشتیکردن لە مافی ئەو چین و توێژانەی کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە.
محەمەد شیاع سوودانی لە گوتارێکی تەلەڤيزیۆنیدا باسی لە گرنگی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان کرد و گوتی: ڕۆژی 20ى ئەم مانگە پێکەوە ھەنگاوێکی گرنگ دەنێن بە ئاراستەی شارستانیی و گەشەپێدان کە ئەوەش ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانە کە چەند ساڵێک بوو دواکەوتبوو.
باسی لەوەش کرد کە ئامانج لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، تەواوکردنی کارە لەپێشینەکانی حکوومەتە و گوتی: ئەمڕۆ ئێمە ستاندارێکی دیجیتاڵی پتەو دادەمەزرێنین، بۆ ئەوەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، ببێت بە ئامرازێکی زانستی مۆدێرن لە پلاندانان.
ئاماژەی بەوەشدا کە باشترین ئامرازی مۆدێرن و زانستی ئەلیکترۆنی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بەکاردەھێندرێت، بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی خزمەت بە ئێستا و ئایندەی عێراقییەکان بکات و گوتی: داتاکانی سەرژمێریی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت گرنگن، ھەروەک چۆن ئەو داتانایە دەبنە مایەی پاڵپشتیکردن لە مافی ئەو چین و توێژانەی کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سەرژمێریی تەنھا ژمارە کەڵەکەبووەکان نییە، بەڵکو ھێڵی نێوان پێشبینی و ڕاستییەکان یەکلایی دەکاتەوە، ھەروەھا ئامرازێکە بۆ بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان و ڕایگەیاند: پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان تایبەتە بە گەشەپێدان، کارگێڕیی و خزمەتگوزاریی و ھیچ پەیوەندییەكی بە پرسەکانی باج و چاودێری کۆمەڵایەتییەوە نییە.
محەمەد شیاع سوودانی داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد زانیاریی ڕاست و دروست بدەن بەو تیمانەی کە سەرژمێریی ئەنجام دەدەن، ھەروەھا پابەندبن بە بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆوە.
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆڵی وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری لەھەمبەر ئامادەکارییەکان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سەرژمێریی بەرز نرخاند و گوتی: سوپاسی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان دەکەین لەوەی لەسەرجەم قۆناغەکاندا پاڵپشتی لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق کردووە، ھەروەھا ڕۆڵی ھێزە ئەمنییەکان لەبیر نەکەین لەوەی ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیرییان بۆ عێراقییەکان دابین کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.