وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی رووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، كرێیەكەی كەمتر لەسەر هاووڵاتییان دەكەوێت.
كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا رایگەیاند "تا ئێستا 77 هەزار هاوبەشی کارەبا لە پرۆژەی كارەبای 24 كاتژمێری لە هەرێمی كوردستان سوودمەند بوونە".
راشیگەیاند "بە پێی پلانی وەزارەتمان تا کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت".
وەزیری كارەبا ئاماژەی بەوەش دا "كارەبای 24 كاتژمێری بەشێوەیەكی گشتی تێچوو لەسەر هاووڵاتییان كەم دەكاتەوە".
كەمال محەمەد ساڵح ئاشكراشی كرد كە ئێستا کارەبای سەنتەری شارۆچكەی ئامێدی بە تەواوەتی کراوەتە 24 كاتژمێری.
ماوەیەك بەر لە ئێستا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی رووناكی و دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری راگەیەنرا، بڕیارە تا كۆتایی ساڵی 2026 كارەبای تەواوی هەرێمی كوردستان ببێتە 24 كاتژمێری.
ماوەیەكە لە شاری هەولێر كارەبای گەڕەكی شادی كراوەتە 24 كاتژمێری، بڕیاریشە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا كارەبای هەردوو گەڕەكی سەربەستی (32 پاڕك) و بەختیاریش ببێتە 24 كاتژمێری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.