Erbil 11°C پێنجشەممە 12 کانونی یەکەم 08:39

سەرۆکی ئیسرائیل بۆ بایدن: پاڵپشتییەکانی ئێوە بۆ ئیسرائیل لەبیر ناکەین

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق ھێرزۆگ سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدنی کرد لە ھەمبەر پاڵپشتیکردنی لە ئیسرائیل و ڕایگەیاند: ھەرگیز ئەوە لەبیر ناکەین کە ئێوە لە سەخترین کاتەکاندا، پاڵپشتیتان لە ئیسرائیل کردووە.

میدیای فەرمی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە ئیسحاق ھێرزۆگ لە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن کۆبووەتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ئیسحاق ھێرزۆگ باسی لە پێشھاتەکانی باکووری ئیسرائیل کردووە و ڕایگەیاندووە: دوێنێ سێشەممە لە ئاکامی ھێرشێکی هاژەکی لە لوبنانەوە بۆ سەر شاری نەھاریا باکووری ئیسرائیل، دوو ئیسرائیلی کوژراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوەشی گوتووە: "ماوەی 400 ڕۆژە، 101 ڕفێندراومان لە غەززە دەستبەسەر کراون ، دەزانم کە ئێوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چالاکانە ھەوڵدەدەن ڕێگا چارەیەک بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی ڕفێندراوەکانمان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ نێو کەسوکاریان، لە کاتێکدا ئێستا ڕفێندراوەکانمان لە تونێلەکانی غەززەدا، ڕووبەڕووی دۆزەخ دەبنەوە.

ئیسحاق ھێرزۆگ ڕاشیگەیاندووە: ھەوڵدەدەین، بۆ ئەوەی ھیوا بە خەڵکی ناوچەکە بدەین و بێ ئومێد نەبن، ھەروەھا ئێمە و دراوسێکانمان دەتوانین بە ئارامی بژین، بەڵام پێویستە ڕفێندراوەکان بگەڕێنینەوە.

ھەروەھا سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق ھێرزۆگ لە کۆبوونەوەکەدا، سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدنی کردووە لە ھەمبەر پاڵپشتیکردنی لە ئیسرائیل و ڕایگەیاندووە: ھەرگیز ئەوە لەبیر ناکەین کە ئێوە لە سەخترین کاتەکاندا، پاڵپشتیتان لە ئیسرائیل کردووە.

ھاوکات ڕۆژنامەی یەدیعووت ئەحرەنووت بڵاوی کردەوە کە ئیسحاق ھێرزۆگ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: بایدن پێی گوتم کە لە ماوەی ئەو 70 ڕۆژەی کە (لە کۆشکی سپی) ماوە، ھەوڵی زۆر دەدات بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی وەک پاڵپشتیکردنی زیاتر لە ئاسایشی ئیسرائیل، یەکلاکردنەوەی ڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا، ھەروەھا ئازادکردنی ئیسرائیلە ڕفێندراوەکان لە غەززە.

ھەروەھا میدیای فەرمی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە کە جۆ بایدن لە وەڵامی ئیسحاق ھێرزۆگ-دا، گوتوویەتی: "من لەگەڵ قسەکانی ئێوە ھاوڕام".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.