Erbil 13°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 05:08

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە سەرجەم وڵاتان بەشداربن لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا

کوردستان TV
100%

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ڕایگەیاند کە جیھان پێویستی بە ئامانجێکی نوێ ھەیە بۆ پارەدارکردنی کەشوهەوا، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە، بەڵکو زۆر پێویستە.

ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە کۆنفرانسی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) کە لە باکو پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: دەبێت جیھان قەرزەکانی لەبارەی دارایی کەشوهەواوە بداتەوە، ئەگەر نا ئەوا مرۆڤایەتی باجەکەی دەدات.

گوتیشی: پاردەکردنی کەشوهەوا کارێکی خێرخوازی نییە، بەڵکو وەبەرھێنانە، ھەروەھا کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە، بەڵکو زۆر پێویستە.

باسی لەوەش کرد کە پێویستە سەرجەم وڵاتان بەشداربن لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا دا و گوتی: جیھان پێویستی بە ئامانجێکی نوێ ھەیە بۆ پارەدارکردنی کەشوهەوا.

ھەروەھا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی نیشاندا سەبارەت بەوەی کات بەرەو نەمان دەچێت بە ئامانجی سنووردارکردنی پلەی گەرما لەسەر ھەسارەی زەوی لە ئاستی 1،5 پلەی سەدی و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵ بە گەرمترین ساڵ هەژمار دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا کە کۆمەڵگاکان، ژێرخانەکان و منداڵان بەھۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و گوتی: ھۆکاری ھەموو ئەم کارەساتانە بۆ گۆڕانی کەشوهەواوە دەگەڕێتەوە و ھیچ وڵاتێک لەوەدا پارێزراو نییە.

گوتیشی: ئەگەر ھەوڵ نەدرێت دەردانی کاربۆن کەم بکرێتەوە، ئەوا وڵاتانی جیھان لە ڕووی ئابوورییەوە، ڕووبەڕووی کێشەی زیاتر دەبنەوە.

جەختیشی لەوە کردووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان، پاڵپشتی لەو ھەوڵانە دەکات کە بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا خراونەتەگەڕ.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.