Erbil 1°C ھەینی 03 کانوونی دووەم 05:15

تیمی هەژماری من و بانكی TBI لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن

کوردستان TV
100%

لە یەكەم كۆبوونەوەی تیمی هەژماری من و بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) رێككەوتن لەسەر ئەوە كرا كە دوو لقی بانكی نوێی بانكەكە لە هەولێر و سلێمانی بكرێتەوە و دەیان ئامێری راكێشانی پارەش جێگیر بكرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمی هەژماری من و شاندی تەکنیکی بانکی(TBI)ی یەکەمین کۆبوونەوەیان دوابەدوای واژووکردنی گرێبەستەکەیان ئەنجام دا، کە تیایدا ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران، گەیاندنەوەی کارتەکان و دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی(TBI)  بە ڕێکەوتنێکی سەرەتایی هاتە نێو پڕۆژەی هەژماری من و بووە هەشتەم بانکی بەشداربووی پڕۆژەکە.

هەفتەی ڕابردووش هەریەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێڕاقی بۆ بازرگانی (TBI) گەیشتنە ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەست و واژۆیان لەسەری کرد بە مەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من.

هاوشێوەی بانکە بەشداربووەکانی دیکە، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی بانکی ناوبراو بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت، نموونەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە ڕێکەوتنیان لەسەرکراوە بریتین لەوەی بانکەکە دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بکاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (هەژماری من) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر بکات.

شایەنی باسە کە بەم زووانە دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە 10,000 کارتی بانکی (TBI) دەکرێت.

بۆیە داوا لەو مووچەخۆرانە دەکەین کە تا ئێستا خۆیان تۆمارنەکردووە، بەزووترین کات سەردانی بریکارانی (هەژماری من) بکەن تاکو خۆیان تۆماربکەن، و سوپاسی ئەوانەش دەکەین کە سەرەڕای بەربەستەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەوەیان کرد کەوا هەژمارەکانیان بکەنەوە و کارتەکانیان وەربگرنەوە.

تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بە بانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار کردووە، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی هەشت بانکەکەی ناو پرۆژەی هەژماری من خۆیان لە بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار دەکەن، لەداهاتوودا لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە دارایی و بانکیانە سوودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بەمووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.