Erbil 9°C پێنجشەممە 02 کانوونی دووەم 19:25

لە ئیسپانیا 98 کەس بەهۆی لافاو گیانیان لە دەستدا

کوردستان TV
100%


به‌هۆی ئه‌و باران بارین و لافاوكه‌وتنه‌وه‌ كه‌  شاره‌كانی ڤاڵانسیا و كاستیا و ئه‌نده‌لوس له‌ ئیسپانیا گرته‌وه‌ 98 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا.

 به‌هۆی باران بارینه‌كه‌وه‌ شه‌قامه‌كان بوون به‌ ڕووباری لافاو و به‌و هۆیه‌وه‌یش هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و ڕێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كان داخران.

 ئه‌م ڕووداوه‌ سروشتیه‌یش خراپترین كاره‌سانی سروشتیی نوێیه‌ له‌و وڵاته‌دا ڕووده‌ودات. ئه‌و باران بارینه‌ له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌وه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌و لافاوێكی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌و شه‌قامه‌كانی شاری ڤالنسیا‌و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ و كاستیا و ئه‌نده‌لوسی گرتووه‌ته‌وه‌و زیانێكی زۆری به‌ ئۆتۆمۆبیل و دره‌خت و ته‌لاره‌كان گه‌یاندووه‌.

 پۆلیس و تیمه‌كانی فریاگوزاری فڕۆكه‌ی هیلیكۆپته‌ریان بۆ ڕزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ به‌كارهێنا كه‌ له‌ناو ماڵ و ئۆتۆمۆبیله‌كانیاندا گیریان خواردبوو.

 خه‌ڵكی ناوچه‌كان‌ كاربه‌ده‌ستانیان له‌ شوێن بزربوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ دانیشتووان ئاگه‌داركرده‌وه‌. به‌یانیی چوارشه‌ممه‌یش ته‌رمی ژماره‌یه‌ك له‌و شوێن بزرابووانه‌ دۆزرایه‌وه‌. پێشبینی ده‌كرێت ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كان به‌رزببێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هێشته‌ تیمه‌كان به‌دوای قوربانی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێن. لای خۆیه‌وه‌ شا فلیپی شه‌شه‌م شای ئیسپانیا له‌ وتارێكی كورتدا باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ده‌ره‌نجام و زیانه‌كانی لافاوه‌كه‌ تووشی شۆكی كردوون. سه‌رۆكی حكوومه‌تیش سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی قوربانییه‌كان كردو خاتوو مارگریتا ڕویس وه‌زیری به‌رگریش دووپاتی كرده‌وه‌ كه ڕه‌وشه‌كه‌ زۆر تۆقێنه‌ره‌و‌ پتر له‌ هه‌زار سه‌رباز به‌ پشتیوانیی هیلیكۆپته‌ر له‌ كۆششه‌كانی ڕزگاركردندا به‌شدارن.

 زۆرترین زیانیش به‌ر شاره‌وانی ئه‌لكه‌دییه‌ی ڤاڵنسیا و لیتۆر له‌ ناوچه‌ی كاستیا لا مانشا كه‌وتووه‌. سه‌رۆكی شاره‌وانیی هۆرنۆ دی ئه‌لسیدۆ نزیك به‌ ڤاڵانسیا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ڕه‌وشه‌كه‌ تۆقێنه‌ره‌و له‌ ژیانیدا ئه‌م جۆره‌ لافاوه‌ی نه‌دیوه‌ كه‌ له‌ناكاودا ئاوی لافاو بڵندبووه‌ته‌وه‌.

 گوتیشی له‌پڕ ئاو دایپۆشین و نه‌مانتوانی دراوسێكان ئاگه‌دار بكه‌ینه‌وه‌. هه‌ر یه‌ك له‌ یه‌كیه‌تیی ئه‌وروپا و فه‌ره‌نسا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئیسپانیا دووپات كرده‌وه‌.
 
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.