هەرچەندە عێراق پێشتر رەتی كردبووەوە ئاسمانی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێ بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، بەڵام دەركەوت رۆژی شەممە زیاتر لە 100 فڕۆكەی جەنگی ئیسڕائیلی بێ هیچ بەربەستێك بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا رۆیشوون بۆ هێرشكردنە سەر ئێران.
رۆژنامەی (گیرۆزلیم پۆست)ی ئیسڕائیلی بڵاوی كردەوە: زیاتر لە 100 فڕۆكەی جەنگی و بێ فڕۆكەوانی ئیسڕائیلی سەتان كیلۆمەتر ئاسمانی هەردوو وڵاتی سووریا و عێراقیان بڕیوە بۆ هێرشكردنە سەر تاران.
بڵاویشی كردەوە: فڕۆكە جەنگییەكان زیاتر لە 1600 كیلۆمەتر ئاسمانی سووریا و عێراقیان بڕیوە و چوونە نێو سنووری ئێران.
هەروەها بڵاوی كردەوە: فڕۆكە جەنگییەكان توانیویانە 12 ئامانجی گرینگ و هەستیاری سەربازی لە چەند شوێنێكی جیاوازیی ئێران بپێكن و دوای هێرشەكانیش بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بنكەكانی خۆیان.
هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە رێكەوتی 26/10/2024 لەژێر ناونیشانی (ئۆپەڕاسیۆنی رۆژانی تەوبەكردن) ئەنجامدران.
پێشتریش عێراق چەند جارێك جەختی كردبووەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەن ئیسڕائیل و هەر وڵاتێكی دیكە، ئاسمانی وڵاتەكەیان بەكاربهێنن بۆ هێرشكردنە سەر ئێران یاخود هەر وڵاتێكی دیكەی دراوسێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.