ئەمەریكا بۆ وهستاندنی هێرشی میلیشیا عێراقییهكان بۆ سهر پێگهكانی ئهمهریكا و ئیسرائیل پهیامێكی تووندی ئاراستهی حكومهتی عێراق كردووه.
میدیاكانی عێراقی بلاویان كردهوه، حكوومەتی عێراق پەیامێكی تووندی لەلایەن ئەمریكاوە پێگەیشتووە، بۆ وەستاندنی بەپەلەی گرووپە چەكدار و میلیشیاكانی عێراق، كە هێرش دەكەنە سەر پێگەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە عێراق و ناوچەكەدا، كه دواترینیشیان هێرشكردن بوو بۆ سەر بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا. ئاشكراشیان كردووە، لە ماوەی 48 كاتژمێری ڕابردوودا، ئەمریكا ئەو پەیامە توندەی داوەتە بەرپرسانی سیاسیی عێراق و بە زمانێكی پڕ لە هەڕەشە و زبر داوای هەوڵی حكوومەتی عێراقی كردووە، بۆ وەستاندنی گرووپە میلیشیاكان كە لە ناو عێراقەوە هێرش دەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل.
ئهمهریكا هۆشداریشی داوه لهوهی ئهگەر ئەو هێرشانە بەردەوام بن، ئەمریكا بەتوندی هێرش دەكاتە سەر گرووپە چەكدارەكان و فەرماندەكانیان. باس لهوهش كراوه، بەرپرسانی حكوومەتی عێراق، هەڕەشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلیان بە ههند وەرگرتووە و بۆ ئهم مهبهسته گوشاریان خستووهته سهر گرووپە چەكدارەكان، بۆ كۆتاییپێهێنانی هێرش بۆ سەر پێگەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكەدا. ئەمە لە كاتێكدایە سوپای ئیسرائیل، هێرشی كردووەتە سەر باشووری لوبنان و دەیان فەرماندەی باڵای حزبوڵای لوبنانی كوشتووە و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئێران و هێزەكانی سەر بە ئێران دەكات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، حكوومەتی عێراق خۆی بۆ ئەگەرەكانی هێرشی ئیسرائیل ئامادە كرد و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەردانی مەیدانیی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی حكوومەتی عێراق كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.