Erbil 23°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 03:29

حكوومەتی هەرێم پلاتفۆڕمێكی دیجیتاڵی بۆ ئاسانكردنی كاروباری هاووڵاتییان رادەگەیەنێت

کوردستان TV
100%

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلاتفۆڕمێكی دیجیتاڵی بۆ ئاسانكردنی كاروباری هاووڵاتییان راگەیاند كە لە رێگەی ئەم پلاتفۆڕمەوە زۆربەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە دامەزراوەکانی فیدراڵی بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەستراونەتەوە و ئاسانكاری بۆ راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان دەكەن.

نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕاسپاردە بەردەوامەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان، زۆربەی هەرە زۆری دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە دامەزراوەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ لەڕێگەی پلاتفۆڕمێكی دیجیتاڵی بەستراونەتەوە بە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا.

راشیگەیاند: لە رێگەی ئەم پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەوە نووسراو و مامەڵەكانی هاووڵاتییان بەبێ دواكەوتن ڕایی دەكرێن.

هەروەها رایگەیاند: هەوڵەكان بەردەوامن بۆ بەستنەوەی سەرجەم دامەزراوەكانی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بەم پلاتفۆڕمەوە، ئەوەش بۆ كارئاسانی و ڕاییكردنی خێرای مامەڵەكانی هاووڵاتییانە لەنێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی خەرجی و بڕینی ڕێگەی دوور بۆ بەدواداچوونی مامەڵەكانیان.

لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها ئاماژەی بەوەشدراوە: هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی هێڵی گەرمی خزمەتگوزاریی ڕێنوێنی ژمارە (5599) پەیوەندی بكەن و ئەنجامی هەر نووسراوێك یان مامەڵەیەك وەربگرنەوە، هێڵەكەش لە كاتژمێر 8ی بەیانی تاوەكو 12ی شەو بەردەستە.

نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا داواشی لە هاووڵاتییان كردووە خۆیان بە دوور بگرن لە هەر بەرتیلێك بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان، هەروەها بۆ هەر بەدواداچوونێكیش دەتوانن پەیوەندی بەم هێڵە گەرمەوە بكەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.