فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە، بەپەلە چووەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكان و فەرمانیشی كردووە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان بخرێنە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئەمشەو سێشەممە دوای هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل، محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەپەلە چووەتە نێو بارەگای فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكان لە بەغدا و خۆی سەرپەرشتی دۆخەكە دەكات.
سوودانی فەرمانیشی كردووە سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی عێراق بخرێنە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشی ئاستی (ج) و بۆ هەر ئەگەرێكی لەناكاو ئامادەبن.
ئەمشەو سێشەممە سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی سەدان مووشەكی بالیستی، هێرشی مووشەكی كردە سەر تەلەئەبیب و شارەكانی دیكەی ئیسڕائیل.
لەبەرامبەریشدا سوپای ئیسڕائیل بەڵێنی داوە هەر ئەمشەو وەڵامی هێرشەكەی سوپای پاسداران بداتەوە و هێرش بكاتە سەر ئێران. جەختیشی كردەوە كە وەڵامەكەیان بەهێز و توند و كاریگەر دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.