Erbil 23°C ھەینی 27 ئەیلوول 00:42

ئێمە بۆچی ریفراندۆممان كرد

کوردستان TV
100%

هۆشیار عەزیز

ئێمە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا تاوانمان نەکرد، هەڵەمان نەکرد، خیانەتمان لە هیچ (بەهایەک، ئاینێک، یاسا و دەستوور و خاک و وڵاتێک) نەکرد، خۆمان بۆ شەڕێکی داگیرکارانە ئامادە نەکرد، بەڵکو تەنها پیادەی مافێکی ڕەوا و سروشتی خۆمان کرد، مافی ئازادبوون لە قەفەسی داگیرکەران و بەدەستهێنانی کەڕامەت و عیزەتی نەتەوەیی..

هەوڵمان دا بە رێگای ئاشتییانەی دوور لە خوێن و کوشتن و بڕین، مافی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان پیادە بکەین، بە داگیرکەرانمان بڵێین ئیتر بەسە ھاوکێشەی سەردەستەیی ئێوە و ژێردەستەیی ئێمە، ئیتر بەسە ملی ئێمە و پەتی سێدارەی ئێوە، سنگی ئێمە و گولـلەی ئێوە، زاڵمیەتی ئێوە و مەزڵومییەتی ئێمە..

ئێمە کە ڕیفراندۆممان ئەنجام دا دەمانزانی باجەکەی زۆر قورسە، دەمانزانی ڕیگای سەربەخۆیی گوڵرێژ نییە، بەڵکو لوغمڕێژ و دڕک و جقڵرێژە، بەڵام ئەوە ماف بوو و دەبو بەدەستی بێنین، دەبوو بە جیهان بڵێین ئێمە بەشێک نین لەو چوارچێوە ئاسنینە سیاسییانەی لەم ناوچەیەدا دروستکراوە، ئێمە بەشێک نین لەم دەوڵەتانەی کە ئێوەی زلهێزەکان دروستتان کردوون، دەبوو لە ساتەوەختێکی مێژووییدا ئێمە بە دەنگی بەرزی ملیۆنان کەس بە جیهان بڵێین.. ئەوە سەدەیەک زیاترە ئێمە ژێردەستەین و ئیدی ئەو ژێردەستەییەمان قبووڵ نییە و دەوڵەتی سەربەخۆمان دەوێت، لەم داواکارییەدا ئێمە ڕاست و لەسەر حەق و بە ئەخلاق بووین، بەڵام بەداخەوە جیهان بێ ئەخلاق بوو، ئێمە و کەتەلۆنییەکان مۆری ڕەشی شەرمەزاریمان نا بە تەوێڵی جیهانی بەناو پیشکەوتنخواز و ئازادیخواز و مافی مرۆڤخوازەوە..

ئێمە هەرگیز پەشیمان نین لەوەی کردمان، دەبێت ئەوانە پەشیمان بن کە دژی ئەو مافە بوون، ڕیفراندۆم سەرەتای ڕیگای دەوڵەتخوازییە، ڕیگای دەوڵەتخوازیش ڕیگایەکی یەک وێستگەیی نییە تا ئەگەر لەو وێستگەیەدا شکست رووی دا ئیتر هەموو شت کۆتایی بێت، ڕیگای دەوڵتخوازی ڕیگایەکی درێژی پڕ هەوراز و نشێو و پڕ لە وێستگەیە، لە وێستگەیەک و دووان و سیاندا شکست دێت، بەڵام لە کۆتاییدا وێستگەیەک دەمانگەیەنێتە ئامانج، وەک چۆن لە شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکاندا شکستمان هێنا و دەرئەنجام لە کۆتاییدا سەرکەوتین و داخوازییەکانی شۆرشەکان کە رووخانی بەعس و دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی بۆ کوردستان بوو بەدەست هات، رۆژێک دێت ئا بەوجۆرە سەربەخۆییش بەدەست دێنین، ئەوە مافە و ئێمەش لێی خۆش بین، نەوەکانی داهاتوو لێی خۆش نابن، ئێمەش لێی کەمتەرخەم بین ئەوان کەمتەرخەم نابن، داهاتوو نەوەیەک بەرهەم دێنێت لەسەربەخۆیی کەمتری قبووڵ نییە، نەوەیەک کە وەک ئێمە ژێردەستەیی قبووڵ ناکات، نەوەیەک بە ئاسانی و بێ بیرکردنەوە و بێ ترس لەنێوان ژێردەستەیی و مەرگدا.. بەدڵنیاییەوە مەرگ هەڵدەبژێرێت..

دیدی رۆژنامه میدیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.