Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:58

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگار و كارگێڕيى دهۆك كۆبووه‌وه

کوردستان TV
100%


له‌ چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ پارێزگاى دهۆك، به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/9/15  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ پارێزگا له‌گه‌ڵ عه‌لى ته‌ته‌ر پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى سنوورى پارێزگاكه‌، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى گشتيى پارێزگاى دهۆك و كه‌رته‌كانى خزمه‌تگوزاريى گشتى له‌ ناوچه‌ جياكانى سنوورى پارێزگاكه‌ تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه‌ سه‌ر پێداويستييه‌كانى پارێزگا و قه‌زا و ناحييه‌كانى و باس له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كان و چۆنيه‌تيى چاره‌سه‌ركردنيان، كرا.

 پارێزگار و به‌رپرسانى ناوچه‌كه، وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ به‌رنامه و خشته‌‌ى ئه‌و كار و پرۆژانه‌ى له‌ چه‌ندين بوارى جيادا له‌ژێر جێبه‌جێكردندان، يان پلانى جێبه‌جێكردنيان هه‌يه‌، ديد و سه‌رنجى خۆيان ده‌رباره‌ى چۆنيه‌تيى باشتركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى زياترى ئاستى خزمه‌تگوزارييه‌كان خسته‌ ڕوو.

ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. تيايدا  نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگيى به‌ڕێوه‌چوونى هێمن و ئارامیی هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن و باپه‌ندى به‌ ڕێنماييى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانه‌وه‌ كرد.

له‌ كۆتاييى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  ستايش و ده‌ستخۆشى ئاراسته‌ى پارێزگار و به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى پارێزگاكه‌‌ كرد بۆ ئه‌و ئه‌رك و خزمه‌ته‌ى پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتييان و ناوچه‌كه‌ی ده‌كه‌ن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.