ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەدمیراڵ ئێدوارد ئەلگرێن ڕاوێژكاری باڵای سیاسی و سەربازیی حكوومەتی بریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لەدیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوایین پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە خرایە بەرباس و گفتوگۆ و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگیی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چاكسازییەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەتی بریتانیای كرد كە لە شەڕی داعشدا هاوكار و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوونە و پێزانینشی هەبوو بۆ پاڵپشتیی و هەنگاوەكانی بریتانیا لە یارمەتیدانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاكسازیی ناو وەزارەت.
پرسی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان و هەروەها هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر عێراق و ناوچەكە تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.